نەرمین مەعروف بۆ کوردستان24: بەغدا مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم بە کاش دەنێرێت

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی عێراق لە هەفتەی داهاتووەوە ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئادار بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مووچەی مانگی سێ هاوشێوەی مووچەی مانگی دوو بە کاش بۆ فەرمانبەران دەنێردرێت.

ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: وەزارەتی دارایی عێراق، 300 ملیار دیناری مووچەی دەزگا ئەمنییەکان و پێشمەرگەی نەناردووە و لەماوەیەکی نزیکدا ئەو برە پارەیەش دەنێرێت و کێشەی کۆدی دەزگا ئەمنییەکانیش چارە کراوە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا، بەغدا تەواوکاریی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی نەناردووە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن. هەروەها بەهۆی ئەوەی بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان کاتێکی زیاتری دەوێت، بۆیە ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی سێ هاوشێوەی مانگی دوو دەبێت و وەزارەتی دارایی عێراق بە کاش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەکات.

لەلایەن خۆیەوە، حوسێن موئنس، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، بۆیە حکوومەتی عێراق پابەندکراوە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق و کێشەی کۆدی دەزگا ئەمنییەکانیش کێشەیەکی تەکنیکییە".

پێشتر دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراقی ڕاسپاردووە تا بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان کۆتایی دێت، مانگانە و لەکاتی خۆیدا بەکاش مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئیمزای لەسەر ناردنی مووچەی مانگی سێ نەکردووە، هەرچەندە لە زۆربەی دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق، دابەشکردنی مووچە دەستی پێکردووە.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024)ـدا، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، ئەرکی دەستووریی حکوومەتی فیدراڵییە کە تەواوکاریی مووچەی مانگی دوو و گشت مووچەی مانگی سێ بنێرێت. هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد، بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بۆ مانگی شوباتی 2024 و ڕاسپاردنی گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئادار تاوەکو ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ بکرێت بۆ خەرجکردنی.

بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێوسیتی بە 949 ملیار دینارە، بەڵام وەزارەتی دارایی عیراق بە چەند قۆناغێک نزیکەی 610 ملیار دیناری ڕەوانە کردووە، بەمەش کێشەی کورتهێنان لە دابەشکردنی مووچە دروست بووە.

ڕۆژی (24ـی ئاداری 2023) محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژی كوردستان24 ڕایگەیاند: "لیستی هەموو مووچەخۆرانمان بۆ بەغدا ناردووە بە کۆدی هێزە ئەمنییەکانیشەوە و ئێستا وردبینی دەکرێت و هیچ بیانووێک نەماوەتەوە بۆ بەغدا تا تەواوکاری مووچەی مانگی شوبات ڕەوانە نەکات". ئاشكراشی كرد، چاوەڕێ دەکەن ئەم هەفتەیە پارەی ماوە بۆ مووچە بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.