داعش به‌شێوازێكی دیكه‌ ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌... هێرشه‌كه‌ی ڕووسیا به‌ نموونه‌

K24 – هەولێر:

دوای ئه‌وه‌ی داعش به‌رپرسیارییەتی هێرشه‌كه‌ی ڕووسیای له‌ ئه‌ستۆ گرت، كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 139 كه‌س و برینداربوونی ده‌یان كه‌سی دیكه‌، میدیا جیهانییه‌كان وای بۆ ده‌چن دووباره‌ داعش له‌ ڕێگه‌ی هێرشی ڕاسته‌وخۆی چه‌كدارییه‌وه‌ ده‌ربكه‌ونه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ خۆراسان.

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی رۆژنامه‌ی ئیندپێندنتی به‌ریتانی، داعش خه‌ریكه‌ له‌ ڕێگه‌ی هێرشی راسته‌وخۆی چه‌كدارییه‌وه‌، سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، هاوشێوه‌ی هێرشه‌كه‌ی  سه‌ر هۆڵی ئا‌هه‌نگگێڕان له‌ ڕووسیا.

ئیندپێندنت‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، سه‌نائوڵڵا غه‌فاریی ته‌مه‌ن 29 ساڵ  سه‌رپه‌رشتیی هه‌ڵسانه‌وه‌ی داعش له‌ خۆراسان ده‌كات، وایكردووه‌، مه‌ترسیی بۆسه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ری ئه‌فغانستان دروست بكات.

ئاژانسی ڕۆیته‌رز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ڕاپۆرته‌كان ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو، گوایه‌ غه‌فاری له‌ ئه‌فغانستان كوژراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌ و به‌ برینداری به‌ره‌و سنووری پاكستان ڕایكردووه‌ و ئێستە له‌وێ دەژی.

ئێوارەی ڕۆژی (22ی ئاداری 2024) ژمارەیەک چەکداری داعش لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی نزیک مۆسکۆی، هێرشیان کردە سەر ئاهەنگێک لە هۆڵی کۆرکوس و دەستڕێژیان لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کرد و بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، تا وەکوو ئێستە زیاتر لە 139  کوژراو و ده‌یان بریندار تۆماركراون.

دوای دامەزراندنی گرووپی چەکداریی داعش لەسەر دەستی ئەبوبەکر بەغدادی، حافز سەعید خان، چەکدارێکی پێشووتری بزووتنەوەی تاڵیبانی لقی پاکستان، لە ساڵی 2014 لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکدارانی دیکەی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بەیعەتیان دا بە ئەبوبەکر بەغدادی و بوو بە ئەمیری گروپی داعشی خۆراسان و عەبدولڕەئوف کازم، سەرکردەیەکی پێشووتری بزوتنەوەی تاڵیبان پۆستی جێگری سەعید خانی گرتە دەست.

گروپی چەکداری داعشی خۆراسان، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک گرووپی چەکداری جیابووەوە لە تاڵیبان، وەک چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان و کۆمەڵەی سەربازی ئیسلام و تۆڕی حەققانی لە ئەفغانستان و کۆمەڵەی دەعوە و بزوونتەوەیەکی چەکداری لە ئۆزبەکستان.

ساڵی 2015 حافز سەعید خان، سەرۆکی گرووپی چەکداری داعشی خۆراسان و 30 چەکداری دیکە لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمه‌ریکا لە ویلایەتی خۆراسان کوژران.

عەبدولحەسیب، بەسەرۆکی گروپەکە دەستنیشان کرا و ئەویش دواتر لە ساڵی 2017 لە ویلایەتی نەنگەهار لە خۆرهەڵاتی ئەفغانستان لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئەفغانستان کوژرا.

دواتر ئەبو سەید بەشوێنگرەوەی عەبدولحەسیب دانراو و دوای دوو مانگ لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمه‌ریکا لە ویلایەتی کۆنار لەگەڵ چەند چەکدارێکی دیکەی ئەو گروپە کوژران.

لە ساڵی 2020ـەوە کەسێک بەناوی "شابولموهاجیر" کە "سەنائوڵڵا"شی پێ دەگوترێت، بە سەرۆکی گروپەکە دەستنیشان کرا، دوای ئەوەی ئەسلەم فاروقی سەرۆکی پێشووی گرووپەکە لەسەر دەستی سوپای ئەفغانستان کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، شابولموهاجیر پێشتر سەرکردە بووە لە گروپی چەکداریی تۆڕی حەققانی.

ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەری ئەمه‌ریکی بڵاویکردەوە، دەوڵەتی ئیسلامیی لە خۆراسان "داعشی خۆراسان"، لقێکە لە گروپی چەکداریی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" و چالاکییەکانی لە ئەفغانستان دەکات و هەر لەکاتی دامەزراندنییەوە تاڵیبان بە هەڵگەڕاوە لە ئایین و دوژمنی خۆی دەزانێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی توێژنەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی لە ساڵی 2018 دوای ئەوەی گرووپەکە لە عێراق و سوریا شکستی هێنا، بەشێوەیەکی بەرچاو داعش گرنگییەکی زیاتری بە ئەفغانستان دا وەک بنکەی سەرەکی بۆ خیلافەتە جیهانیەکەی.