ئاسایشی هەولێر باندێکی ساختەکردنی بەڵگەنامەکان دەستگیر دەکات

دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان لە ئاسایشی هەولێر
دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان لە ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر باندێکی ساختەکار دەستگیر دەکات کە بەڵگەنامە و پاسپۆرتی وڵاتێکی ئەورووپیان دروستکردووە پاشان بەکاریانهێناوە بۆ بەکرێگرتنی دوو ئۆتۆمبێل بەبێ سەرەتا فرۆشتوویانە.

رۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: لە ئەنجامی بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمانەوە، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، سێ تۆمەتبارمان دەستگیر کرد کە هەڵساون به دروستکردنی پاسپۆرتی وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا بە ساختە.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: تۆمەتبارەکان بەو پاسپۆرتە ساختانە لە دوو کۆمپانیای بەکرێگرتنی ئۆتۆمۆبێل، دوو ئۆتۆمبێلیان بە کرێ وەرگرتووە و پاشان بەبێ (سەرەتا/ اولیات) فرۆشتوویانەتەوە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە: جگە لە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، دەستیمان بەسەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکەشدا گرتووە.