ئۆکرانیا داوا لە کۆریای باشوور دەکات سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ وڵاتەکەی دابین بکات

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا داوای لە کۆریای باشوور کرد سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت کە لە ئەمەریکا دروستکراوە بۆ وڵاتەکەی دابین بکات.

دیمیتری کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا رایگەیاند، ئەوەندەی من ئاگادارم کۆریای باشوور سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بەکاردەهێنێت، ئەمە چەکێکی کوشندە نییە و تەنیا مووشەک دەخاتە خوارەوە بەبێ ئەوەی کەس بکوژێت.

ناوبراو گوتی: "دەمەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزمەوە و داوا لە حکومەتی کۆریای باشووربکەم، گەیاندنی سیستەمی پاتریۆت و سیستەمی دژە مووشەکی دیکە بۆ ئۆکرانیا بدۆزێتەوە".

لە رابردوو کۆریای باشوور یارمەتی مرۆیی و دارایی ئۆکرانیای کردووە، جگە لە کەرەستەی سەربازی، ئامادە نەبوو چەک و تەقەمەنی کوشندە دابین بکات بۆ ئۆکرانیا.

 پێشتر بەرپرسانی ئۆکرانیا باسیان لەوە کردبوو کە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بەدەست کەمی تەقەمەنی بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەناڵێنن.

لە 25ی ئاداردا، کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەنیازین سیستەمی پاتریۆتی زیادە بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن، هەروەها ئامادەن چەند جۆرێک مووشەکی دیکە بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی دابین بکەن.