ئێرلەندا دەستوەردان لە دۆسیەی جینۆسایدکردنی فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات

K24 - هەولێر

ئێرلەندا دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، بەنیازە دەستوەردان بکات لەو دۆسیەی جینۆساید، کە ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل بەرزی کردووەتەوە.

مایکل مارتن، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا لەکاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەنگاوە لە بەیاننامەیەکدا گوتی: هەرچەندە دادگای نێودەوڵەتی بڕیار دەدات کە ئایا جینۆساید ڕوویداوە یان نا، بەڵام دەیەوێت ڕوونی بکاتەوە کە هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، و ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە بارمتەگرتن و بە ئەنقەست ڕاگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە هاووڵاتیانی مەدەنی، بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی، بەکارهێنانی چەک لە ناوچەی  دانیشتووان بەبێ جیاوازی، بەکارهێنانی دامەزراوە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی. سزادانی بەکۆمەڵی تەواوی گەل"، ئەمە دەبێت بوەستێت، دیدگای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوونە.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، دادگای دادی نێودەوڵەتی، فەرمانی بە ئیسرائیل کرد کە خۆی لە هەر کردارێک بپارێزێت کە ڕەنگە بکەوێتە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی جینۆسایدەوە و دڵنیابێت لەوەی کە هێزەکانی کردەوەی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان ئەنجام نادەن، دوای ئەوەی ئەفریقای باشوور ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە جینۆسایدی لە غەززە.

ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ڕایانگەیاند ئەم تۆمەتانە بێ بنەمان. بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەی ئەفریقای باشوور لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتییە لە لاهای، کە ڕەنگە ساڵانێکی زۆر بخایەنێت.

مارتن باسی ئەوەی نەکردووە کە چۆن دەستێوەردانەکە دەکات یان وڵاتەکەی بەنیازە چ پێشنیارێکە بیخاتە ڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، هەنگاوەکە دوای شیکاری یاسایی و سیاسی و ڕاوێژ لەگەڵ ژمارەیەک هاوبەش، لەنێویاندا ئەفریقای باشوور، دیاریکراوە.

ئیدارەی مارتن ڕایگەیاند، دەستێوەردانەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئێرلەندا کە لێکدانەوەی خۆی بۆ یەکێک یان زیاتر لە بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی جینۆساید کە لەم دۆسیەیەدا باسی لێوە دەکرێت بخاتەڕوو.

هەفتەی ڕابردوو ئیرلەندا دانی بە مافەکانی فەڵەستین نا کە ماوەیەکی زۆرە وڵاتانی ئیسپانیا، ماڵتا و سلۆڤینیا دانیان ناوە بەو دەوڵەتەی کە فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە ڕایانگەیاندووە.

ئیسرائیل وڵاتەکانی ئاگادارکردەوە کە ئەو پلانە "خەڵاتی تیرۆر" پێکدەهێنێت، ڕەنگە چانسی گەیشتن بە چارەسەری دانوستان بۆ کێشەی نێوان هەردوولا کەم بکاتەوە.