بەهۆی پۆشینی درێسی کریستیانۆ لە چێشتخانەیەک دەرکرا

سپید
سپید

سپید یوتوبەری بەناووبانگ کە هەوادارێکی گەورەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە کەوتە دۆخێک هیچ کەسێک بەخیلی پێنابات، دوای ئەوەی لە یەکێک لە چێشتخانەکانی ئەمریکا کە پەیوەستە بە لیۆنێل مێسییەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەرکرا.

سپید لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە بانگەشەی ئەوە دەکات بەهۆی پۆشینی درێسی یانەی نەسڕ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چێشتخانەیەکدا دەرکراوە.

سپید دەڵێت بەرپرسانی چێشتخانەی مێسی داوایان لە پۆلیس کردووە بۆ ئەوەی ناچاری بکەن لە چێشتخانەکە بچێتە دەرەوە.

زنجیرە چێشتخانەکانی "هارد رۆک" لە ئەمریکا لە مانگی تەموزی رابردوو رایگەیاند ساندویچی بەرگر بە تێکەڵەیەکی دیاریکراوی تایبەت بە مێسی پێشی پێشکەش دەکەن لەژێر ناوی "بۆ تۆ دروست کراوە لەلایەن مێسی".

 

پێدەچێت سپید ویستبێتی ئەم ساندویچە تاقی بکاتەوە، بەڵام هاتنە ژوورەوەی بە درێسێکەوە کە ناوی کریستیانۆی لەسەرنووسرابوو رێگری لێکرد تامی بەرگرەکەی مێسی بکات، لە هەمان کاتدا ویستوویەتی چەند وێنەیەک و ڤیدیۆ تۆمار بکات کە ئەمەش پێشێلکردنی یاساکانی چێشتخانەکەیە.

 

سپید تووشی سەرسوڕمان دەبێت کاتێک دەبینێت چەند پۆلیسێک گەمارۆی دەدەن بۆ ئەوەی لە شوێنەکە دەری بکەن، سپیدیش دەڵێت : " ئەم شوێنە پیسە جێدەهێڵم".

سپید دەشڵێت : "ئەمە شێتانەیە، لەگەڵ پێنج پیاوی ئاسایش و 3 پۆلیس هاتوون بۆ ئەوەی لە چێشتخانەکە دەرم بکەن".

هێما بۆ ئەوەش دەکات: "دەستبەندیان هێناوە لەگەڵ خۆیان وەک ئەوەی تاوانبار بم و پۆلیسیان هێناوە بۆ ئەوەی داوام لێبکەن لە چێشتخانەکە بڕۆم".