وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو ڕاگەیەندرا

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

رۆژی شەممەی داهاتوو، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28-03-2024، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 30-03-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

محەممەد عەبدولقادر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "لیستی مووچەی ئەم مانگە جیاواز دەبێت و بە گوێرەی پارەدارکردن لەلایەن بەغداوە دەبێت". گوتیشی، "سەرەتا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینیی پێشمەرگە دەدرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نادر مەجید نادر، بەڕێوەبەری جولەی دراو لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ نزیکەی 599 ملیار دینارمان لە بانکی ناوەندی لقی هەولێر وەرگرتووە و خستمانە سەر هەژمارەکانی بانکی حکوومی بەمەبەستی ئامادەکردنی مووچەی مانگی دوو".

نادر مەجید گوتیشی: "ئێمە داوامان لە عێراق کردووە 944 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان ڕەوانە نەکردووە، کە ئەویش نزیکەی 350 ملیار دینارە". روونیشی کردەوە، "سەرۆکی حکوومەت داوای کرد لیستی مانگی سێ ئامادە بکەین، ئێمەش دوو ڕۆژە خەریکی ئامادەکردنی ئەو پرۆسەیەین و نزیکەی 98% کارەکانی لیستی مووچەی مانگی سێ تەواو بووە".

پەیامی مەسرور بارزانی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئادار

دوێنێ چوارشەممە، 27-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش. گوتیشی، "ئێمە حکوومەتی فیدراڵیی دەخەینە بەر بەرپرسیارتییەکی دەستووری و ئەخلاقی تاکو ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە بۆ دابینکردنی مووچەکان جێبەجێ بکەن ".

لەلایەن خۆیەوە ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وردبینیی لە کۆدی هێزەکانی پێشمەرگە و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان  لەلایەن چاودێریی دارایی هەرێمەوە تەواو کراوە و ڕەوانەی بەغدا کرا و چاوەڕێ دەکرێت سبەی تەواوکاریی مووچەی مانگی دوو بنێردرێت و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

هاوکات عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کراوە، لیستی هێزە ئەمنییەکانیش بە کۆد رەوانە کراوە، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی وردبینی لە هەموو لیستەکاندا کردووە و هیچ کێشەی تێدا نەبووە.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر پرسی مووچە ڕێککەوتوون، ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو کردوویەتی، هەروەها ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ دەستیپێکردوووە و هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغدا دەکرێت