کەمال وەرتی: حکوومەت لەسەدا 100ـی باجی سەر هاووڵاتیان خۆش دەبێت

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، بڕیاری حکوومەت بۆ لێخۆشبوونی باج لە هاووڵاتیان بۆ پەرۆشی و خەمخۆری و سووککردنی باری سەرشانی کاسبکارانە.

د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، جاری یەکەم نییە سەرۆکوەزیران بڕیارێکی لەم چەشنە دەربکات، ئەمەش لە سۆنگەی پەرۆشی خەمخۆری بۆ هاوولاتیان و باجدەرانی کوردستان، بەڕەچاوکردنی دۆخی ئابووری هاووڵاتیانی کەمدەرامەت و چینی مامناوەندە.

کەمال وەرتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارە لەکاتێکی زۆر گونجاودا درا، چونکە کوردستان بە قۆناغێکی سەختی دارایی دا تێدەپەڕێت. لەلایەکی دیکە ئەو بڕیارە لەکاتێکدا دراوە کە گەنجینەی دارایی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە.

کەمال وەرتی ڕاشیگەیاند، باج مافێکی گشتییە ئەگەر دواش بکەوێت بەڵام لەسەر باجدەر لاناکەوێت، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک 10 ملیۆن دینار باجی لەسەر کەڵەکەبووبێت لەساڵانی ڕابردوو، ئەوە هەمووی باج نییە، نزیکەی سێ تا چوار ،لیۆن سزای دواکەوتنەکە واتە سووی دواکەوتن، کەواتە ئەو بڕیارە کە دەردەچێت بەهۆکاری ئەوەی کەسێک کە لەدەرەوەی وڵاتە یان نەیتوانیووە باجەکەی پاکتاو بکات یان لەبەر هەر هۆکارێک بێت.

بەڕێوەبەری گشتی باج دەشڵێت: حکوومەت لەکۆی گشتی ئەو سوو و باجانە خۆشدەبی کە لەسەر باجدەران کەڵەکە بووە و بە ملیارەها دینارە، هەروەها ئەو 0%2ـە بۆ ئاو و کارەبایە، واتە لە سەدا 20ـی بنەڕەتیەکەیە.

ڕاشیگەیاند، پیشەوەران و کاسبکاران بەپێی یاسا باجیان لەسەرە بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان سنووردارە و نەیتوانیووە باج بدەن جا بەهۆی کۆڕۆنا بووە یان بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری، بۆیە ئەو بڕیارەی حکوومەت بۆ سووککردنی باری سەر شانی کاسبکاران و پیشەوەرانە.

رۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارماندا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.

هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ دۆخی ناهەمواری ئابووریی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەوبارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:

داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).

داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت

داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.

لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.

داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.

لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.