ئاوارەکانی شنگال داوای دەستلەکاركێشانەوەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکەن
K24 - هەولێر
خەڵکی ئاوارەی شنگال بەیاننامەیەکی ئیدانەکردن و بانگەوازێکیان ئاراستەی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا و حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەو ڕێکخراوانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییان بە مافی مرۆڤەوە هەیە کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئازاری 2024 ئاوارەکانی شنگال خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست و بەیاننامەیەکەیان دەرکرد و تێیدا ڕایانگەیاند، نزیکەی 10 ساڵە لەناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەین، لەژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا و ئەگەر پاڵپشتی و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێم نەبوایە، ئێمە لە بارودۆخێکی سەختتردا دەبووین، بەداخەوە ئێمە وەک هاووڵاتییانی عێراق هیچ پشتیوانییەک یان هاوکارییەکمان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لەبەرامبەردا وەرنەگرتووە، هەرچەندە وەک ئەرکێکی دەستووری و ئەخلاقی بەسەر حکوومەتی عێراقدا سەپێنرا بەرامبەر بە هاووڵاتییانی لە هەموو ڕوویەکەوە پاڵپشتیمان بکات، و باری قورسی ژیان لەسەر شانمان کەم بکاتەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لە عێراق پێچەوانەکەیە، بەو پێیەی بڕیار و فشارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەبینین، بەتایبەتیش ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئاوارەکان و بە بڕە پارەیەکی بێ بایەخ ڕازیمان بکات بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانمان، بەبێ هیچ ژێرخانێک و سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان، لە لایەنە ئەمنییەکان و خزمەتگوزارییەکانەوە.
ڕاشیگەیاند، ئێمە نزیکەی 10 ساڵە لێرەین، بە ئارەزووی خۆمان ئەم ژیانە سەختەمان هەڵنەبژاردووە، بەڵکو بارودۆخ ناچاری کردووین، هەر بۆیەش مەرجی گەڕانەوەمان بۆ ماڵ و ناوچەکانمان هەیە کە پێویستە حکوومەتی عێراق جێبەجێی بکات، کە بریتین لە:
1-داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکەین
2-قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال لە بەرامبەر ئەو زیانە زۆرانەی کە لە کاتی هێرشی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شارەکە بەریان کەوتووە
3- ئاوەدانکردنەوەی شاری شنگال و گوندەکانی سەر بە خۆی، هەروەها شارەدێی قەحتانییە و ئەو گوندانەی ئێستا بەستراوەتەوە بە شارۆچکەی بەعاج.
4- دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆناوچەکە.
5- دوورخستنەوەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بەهۆی خراپ مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسییەی ئاوارەکانی شنگال.
6- داواکارین ئەوەی بەسەر گەلەکەماندا هات لە شنگال، بە دیکۆمێنت بکرێت و وەک جینۆساید پشتڕاست بکرێتەوە.
7- داوا دەکەین بە چۆڵکردنی میلیشیاکان و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال.