شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری و جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری و جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری و جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە

K24 - هەولێر

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆما، لەگەڵ وەزیری بەرگری و جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە. هەردوولا پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-03-2024،  شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتووە؛ بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە گویدۆ گرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی و ئێدمۆندۆ چیرێلی، جێگری وەزیری دەرەوە ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندەکە؛ بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو دوو بەرپرسەی حکوومەتی ئیتاڵیا؛ باس لە پەیوەندییە سەربازی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و رۆما، پشتیوانی ئیتاڵیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و نیگەرانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە کرا.

وەکو ئەوەی  گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان باسی کرد، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە مەبەستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە دووپاتکردەوە.

بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بەوەش کرد، "گویدۆ گرۆسێتۆ بە شاندی حکوومەتی گوت، خەڵکی ئیتاڵیا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیان زۆر خۆشدەوێت. ئێمە بە هەموو توانامانەوە لە پاڵپشتیکردنتان بەردەوام دەبین و هەر بە دۆستی گەلی کورد دەمێنینەوە".

لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا؛ گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، "چیرێلی بە شاندەکەی راگەیاند، ئێمە زۆر دڵخۆشین بە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییەی نێوان پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە".

بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کۆبوونەوەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا جەختی لە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، بەهێزی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەش زۆر گرنگە".

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازی و سیاسییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆما و  لەناو باڵەخانەی ئەنجوومەنی پیران؛ لەگەڵ لیژنەی بەرگری و کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا کۆبووەوە.

دوێنێ چوارشەممەش، 27ـی ئاداری 2024، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئیتاڵیا کرد و لەلایەن ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەت و ستافی نوێنەرایەتی پیشوازیان لێ کرا.