توێژینەوەیەك: جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە

جگەرەی ئەلیکترۆنی و جگەرەی ئاسایی
جگەرەی ئەلیکترۆنی و جگەرەی ئاسایی

K24 – هەولێر:

لە ئەنجامی توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە جگەرەی ئەلیکترۆنی کە بە "ڤەیپ" ناسراوە،  گۆڕان لە پێکهاتەی خانەکانی لەشی مرۆڤ دروست دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوی کردەوە، توێژەران گۆڕانیان لە دی ئێن ئەی لە خانەکانی وەرگیراو لە دەم و ڕوومەتی جگەرەکێشی ئاسایی و بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنیدا بینیوە، ئەمەش بەڵگەی پەرەسەندنی زیاتری خستووەتەڕوو کە بەکارهێنانی درێژخایەنی جگەرەی ئەلیکترۆنی  زیانێکی بەرچاو بە تەندروستی دەگەیەنێت.

تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی ئینسبرەک زیاتر لە سێ هەزار و 500 نموونەیان شیکردەوە، بۆیان دەرکەوتووە  گۆڕانێکی بەرچاو لە خانەکانی دەمدا ڕوودەدات، کە ئەمەش زۆر جار، دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.

دکتۆر کیارا هێرزۆگ، یەکەم نووسەری توێژینەوەکە، گوتی: "لە کاتێکدا کۆدەنگیی زانستیی دەڵێت جگەرەی ئەلیکترۆنی سەلامەتترە لە جگەرەکێشانی ئاسایی، ناتوانین وا دابنێین کە بە تەواوی سەلامەتە بۆ بەکارهێنان، هەروەها گرنگە لێکۆڵینەوە لە مەترسییە ئەگەرییەکانی بکەین لە درێژخایەندا ناتوانین بڵێین جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی شێرپەنجە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکەمان، بەڵام تێبینی هەندێک گۆڕانی بۆماوەیی دەکەین کە پەیوەندییان بە گەشەکردنی شێرپەنجەی سییەکانەوە هەیە لە داهاتوودا."

دکتۆر ئیان واکەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سیاسەتی توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا دەڵێت: "دەیان ساڵە توێژینەوەکان پەیوەندی نێوان جگەرەکێشان و شێرپەنجەیان سەلماندووە، لێکۆڵینەوەکان تا ئێستا دەریانخستووە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی زیانی زۆر کەمترە لە جگەرەکێشانی ئاسایی و دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان ."

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەڵام ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە جگەرەی ئەلیکترۆنی بێ مەترسیی نییە، بۆیە پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە بۆ ئاشکراکردنی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ.

توێژەران هیوادارن زیاتر لێکۆڵینەوە بکرێت کە چۆن دەتوانرێت ئەو گۆڕانانەی کە لە پشکنینی ڕوومەت و دەمدا دەستنیشان کراون بەکاربهێنرێن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە زۆرترین مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجە لە داهاتوودا هەیە.