پێشەوا هەورامانی: جیاکاریی لەنێوان فەرمانبەراندا ناکەین

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، بڕیاربوو ئەمڕۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش بنێردرێت، نەنێردرا؛ هاوکات ناوبراو دڵنیایی دەدات هەفتەی داهاتوو سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی ئێکسی کوردستان24 کە کۆڤان عیززەت پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پارەیەی بە بارمتەی نەگرتووە کە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچە نێردراوە ، تەنیا ویستی سنوورێک دابنێت بۆ ئەو بێڕێزییەی لە لایەن بەغداوە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە جیاوازی لەنیوان چین و توێژەکان دەکرێت مووچەی بڕێک خەڵک دەنێردرێت هی هەندێک نانێردرێت.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەکاتی بڵاوبوونەوەی لیستی مووچە نیگەرانییەک لەناو هێزە ئەمنییەکان و فەرامانبەرانی ئەو وەزارەتانەوە دروست بوو کە ناویان لەناو لیستی مووچەدا نەهاتبوو، وەزارەتی دارایی تا ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو تا ئەم کێشەیەش چارەسەر بکات. هەفتەی داهاتوو هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن، بە هێزە ئەمنییەکانیشەوە.

"بۆ مووچەی مانگی ئادار نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە"

لەبارەی مووچەی مانگی 3 هەورامانی دەڵێت: نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کراوە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی سێی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئەگەر بەدەستمان بگات دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دەکەین.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "ئەو کاتی کە ئێمە مووچەمان دەدا داهات لەژێر دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندابوو، ئەو کاتیش هەندێک خەڵک دەیانگووت ئەگەر داهات رادەستی بەغدا بکرێت مووچە بە تەواوی دەدرێت و دواناکەویت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهەموو شێوەیەک هەوڵی دەدا مووچەی خەڵک نەفەوتێت و بەهەر شیوەیەک بێت دابەشی بکات، بەڵام کە نەوت لە دەستی ئێمە نەما رازی دڵی هەندێک کەس هاتە دی کە دەیانگوت با هەموو شتێک لە دەستی حکومەتی فیدراڵ بێت، بەڵام لە ئێستادا دەبینن بە دەستی حکوومەتی فیدراڵ بارودۆخی مووچەخۆران چۆنە".

زەلیل ئەو کەسەیە کە خۆی رادەستی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بکات

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، مافی هەرێمی کوردستان لە چوراچێوەی دەستووردا دیاریکراوە و حکوومەتی فیدراڵ دەبێت پابەند بێت بە دابینکردنی مووچە و شایستە و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەمەش "ئەرکی خۆیەتی دەبێت جێبەجێ بکات و نە خێرە و نە سەدەقەیە".

هەورامانی باسی لەوەشکرد، "ئەو پارەیەی کە بۆمان دێت پارەی زەلیلی نییە، بەڵکو ئەمە قسەی پۆپۆلیست و قسە گەورەکانی ناو سۆشیال میدیا بوو، کە لە هەموو هەنگاوەکانی حکومەتدا دژ بوون. کە بارودۆخی داراییش باش بوو ئەوان هەر بەهانەیان دۆزیوەتەوە تا پشێوی دروست بکەن. بەڵام زەلیل بوون ئەوەیە هەرێمی کوردستان، خەڵک و داهاتەکەی رادەستی دوژمنانی هەرێمی کوردستان بکرێت، زەلیل ئەوەیە رادەستی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بین".

"شەش مانگ نەوت رادەستی بەغدا کرا یەک دیناریان رادەستی هەرێمی کوردستان نەکرد"

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی: ساڵیک تێپەڕبوو بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی پێنج بۆ شەش مانگی سەرەتا بەشێکی زۆری نەوتەکەمان دەدایەوە بە حکومەتی فیدراڵ بەمەرجی ئەوەی کە تێچووی بەرهەمهێنانی پارەی کۆمپانیاکانی نەوت دابین بکات، بەڵام شەش مانگ ئەو نەوتەیان برد و یەک دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان نەنارد، لە ئێستادا لە کۆی 14 کێڵگەی نەوتی لە هەرێم توانیومانە لە 9 کێڵگەیان بڕێکی کەم لەو نەوتە دەربهێنین، بەشێکی ئەم پارەیەی کە دەمێنێتەوە دەدرێتە کۆمپانیای دانا غاز، بەشێکی دیکەشی هەندێک جار بۆ مووچە بەکارهاتووە.

هەورامانی سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هێشتا داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان 50 ملیۆن دۆلاری مانگانەی تێنەپەڕاندووە، ئەویش هی ئەم چەند مانگە بوو، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەبەردەم هەناردەکردنەوەکەدا نەماوە و راگرتنی نەوتەکەش تەنیا بابەتێکی سیاسییە، هەروەها پارەیەکی زۆر کەم دانراوە بۆ دەرهێنانی نەوت کە نزیکەی شەش دۆلارە، ئێمە وەزارەتی نەوتی عێراقمان لەوە ئاگادارکردەوە کە ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمە و خۆشیان بڕوایان بەوە هێنا ئەو نەوتەی لە هەرێم دەردێت تێچووەکەی زۆر زیاترە لەوەی بۆی دیاری کراوە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونیکردەوە، تورکیا ئامادەیە بۆ دەستپێکرنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەندین جار ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بەڵام حکومەتی عێراق رێگەرە لەو دەستپێکردنەوەیە.

"هەژماری من، سیستەمێکی دارایی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات"

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من، رایگەیاند، "پڕۆژەیەکی نوێیە و سەرکەوتووە  و هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی دیکەوە، هەرێمی کورستان لە ئیستادا لە بواری داراییدا لە ریزی وڵاتە دواکەتووەکانە و، لە ریزی ئەو وڵاتانەیە کە پارە سپیکردنەوەی تێدا دەکرێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە لە هەوڵدایە رێگری لە قاچاغ و سپیکردنەوەی پارە بکات، هەژماری من سیستەمێکی دارایی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

پێشەوا هەورامانی، زیاتر گوتی: لە ئێستادا کۆمەڵێک بانکی دیکە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی بەشداری لەو پڕۆژەیە بکەن، ئەو بانکانەی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بلاک لیستدان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بەشداربن لەو پڕۆژەیە، وەکو ئەو بانکانە نەبن کە لە عێراق لایەنی سەرەکین لە دزی سەدە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەوەی کە دەستکاری پارەی هەژماری بانکی هاونیشتمانیان دەکرێت بۆ قەرزەکانی کارەبا و هاتووچۆ جەختی لەوە کردەوە، ناتوانرێت بەبێ رەزامەندی خاوەنی هەژمارەکە دەستکاری پارەکەی بکرێت، ئەمەش پڕوپاگەندەیەکە کە ناحەزانی پڕۆژەی هەژماری من دروستیانکردووە.