محەممەد عەبدولقادر: سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئادارین بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانەوە

kurdistan24.net

 K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لیستی مووچەی مانگی سێ بە دوو شێوە دەنێرین بۆ بەغدا کە یەکەم جار لیستی مووچەی مانگی سێ بەبێ پلە بەرزکردنەوە لە نزیکترین کاتدا دەنێرین و لیستی دووەمی مووچەی مانگی سێ، بە پلە بەرزکردنەوە دەنێرین بۆ ئەوەی بەغدا ئەو بڕە پارەیەش بنێرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ماوەی 20 ڕۆژدا لیستی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران بۆ مانگی سێ ئامادە دەبێت کە ئێستە وەزارەتەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستەکەن و بڕی پێویستیش بۆ دابینکردنی پارەی پێویست دەگاتە 50 ملیار دینار.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری ئاماژەی بەوە کرد: بۆ یەکەم جار لیستێکی یەکگرتووی مووچە دەنێرنە بەغدا؛ پێشتر ھەر وەزارەتێک بە شێوازی تایبەتیی خۆی لیستەکەی ئامادە دەکرد.

دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، وەزارەتی دارایی ڕۆژی (28ـی ئاداری 2024) لیستی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی چوار ڕۆژدا، مووچەخۆرانی زۆربەی دامودەزگاکانی حکوومەت مووچە وەردەگرن.

دواتریش لە ڕوونکردنەوەیەکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری دڵنیاییدا لە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانیشەوە لە هەفتەی داهاتوودا.

لەلایەن خۆیەوە، نادر مەجید نادر، بەڕێوەبەری جووڵەی دراو لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی 599 ملیار دینارمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی وەرگرتووە و خستمانە سەر هەژمارەکانی بانکی حکوومیی بەمەبەستی ئامادەکردنی مووچەی مانگی دوو، گوتیشی: ئێمە داوامان لە عێراق کردووە 944 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان ڕەوانە نەکردووە، کە ئەویش نزیکەی 350 ملیار دینارە.