بڕیاری لێخۆشبوونی تەواو لە سزای دواکەوتنی باجی پیشەوەران بازاڕ دەجووڵێنێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

بڕیاری لێخۆشبوونی سزای دواکەوتنی پێدانی باجی پیشەوەران بە رێژەی 100% لێخۆشبوون لەلایەن پیشەوەران و کاسبکارانی بازاڕەوە پێشوازی لێدەکرێت و پیشەوەران دڵخۆشن بە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئاماژە بەوەدەکەن: بڕیارەکە دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و جووڵەش دەخاتە بازاڕەوە.

یەکێک لەو بڕیارانەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران دەریکرد، لێخۆشبوونە لە سزای دواکەوتنی باجی پیشەوەران و کاسبکاران بە رێژەی 100%، واتا هەر هاووڵاتییەک هەرچەند سزای دواکەوتنی باجی ساڵانەی لەسەر بێت تەنها باجەکە دەدات و کۆی سزاکەی لەسەر پاکتاو دەکرێت و لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت.

لە فەرمانگەکان ئامادەکارییەکان دەستیپێکردووە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزەرانیش کە بەهۆی راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و پیشەوەرانەوە لە فەرمانگەکان، باس لە گرنگی بڕیارەکە و سوودی بۆ هاووڵاتییان دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە، پارێزەر شێروان جەلال بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: ئەو بڕیارە بە تەواوی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەتانە کە بژێوەی ژیانی رۆژانەیان لەسەر کار و کەسابەتی خۆیانە، پێشتریش کە بڕیاری هاوشێوە دەرچووە، هاووڵاتییان زۆر لێی سوودمەندبوون.

هەروەها کەمال وەرتی، بەڕێوبەری گشتی باجی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، کە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و باج هەر دەبێت بدرێت کاتێک هاووڵاتییەک ئەگەر 20 ساڵیش باجی نەدابێت و کارێکی لە فەرمانگەیەکی دەوەستێت، هەر دەبێت باجەکەی پاکتاو بکات، بۆیە سوودێکی زۆر لە بڕیاری لێخۆشبوون بە رێژی 20% وەردەگرێت.

دوای کۆبوونەوەی رۆژی (27ـی ئاداری 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە رێژەی 20% داشکاندن لە قەرزە کەڵەکەبووەکان لە باج و سزای پێبژاردنی هاتوچۆ و ئاو و کارەبا بکەن، لەگەڵ لێخۆشبوونی تەواو لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان. لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بە پاساوی جۆراوجۆر شایستە داراییەکانی هەرێم وەک ئەوەی لە بودجەدا هاتووە نانێرێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر بژێوی هاووڵاتییان هەبووە، بۆیە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سۆنگەی سوککردنی باری سەر شانی هاووڵاتییانە لەو دۆخەدا.