فاروق قەرەداغی: تورکیا لە قەیرانێکی ئابووری قوڵدایە

فاروق قەرەداغی، شارەزا لە ئابووری تورکیا
فاروق قەرەداغی، شارەزا لە ئابووری تورکیا

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی ئابووریی تورکیا دەڵێت بەهۆی بەرزی رێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە تورکیا، ئەو وڵاتە لە قەیرانێکی قووڵی ئابووریدایە بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی دەوڵەت ئیفلاس بکات، لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی گرانی نرخ و بەرزی رێژەی سوودی بانکی، ژیانی هاووڵاتییانی تورکیا زۆر قورس بووە.

فاروق قەرەداغی، شارەزا لە ئابووری تورکیا لەمیانی بەشداریکردنی لە رووماڵی کوردستان24 بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ستۆدیۆی ئیستانبوڵ رایگەیاند: ئابووری تورکیا لە قەیراندایە و هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدایە و بەپێی داتاکانی حکومەت 67% بووە بەڵام بەپێی داتای دەزگاکانی دەرەوەی حکومەت ئەو رێژەیە 270%ـە.

قەرەداغی باسی لەوەشکرد، سوودی بانکی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە کە هاووڵاتییان ناتوانن بە ئاسانی داوای قەرز لە بانک بکەن، ئەویش بەهۆی داواکردنی رێژەی 50%ـی سوودی بانکی لەو قەرزە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فاروق قەرەداغی باسی لەوەکرد، لە تورکیا سەرەڕای بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخ، داهاتی تاکیش زۆر کەمە، بۆیە بۆ نموونە لە شارێکی وەک ئیستانبوڵ کە کەمترین مووچە 20 هەزار لیرەیە بۆ فەرمانبەرێکی حکومی بەڵام ئەو داهاتە بەشی بەڕێوەچوونی خانەوادەیەکی سێ بۆ چوار کەسی ناکات بۆیە ئەگەر لە خێزانێکدا دوو کەسیش بەو مووچە کاربکەن، هەر رووبەڕووی کێشەی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستییەکانی رۆژانە دەبنەوە.

لەبارەی کەرتی نیشتەجێبوون ئەو شارەزایەی ئابووریی تورکیا روونیکردەوە، ئێستا ساڵانە بەرێژەی 40% دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون کەمتر دروستدەکرێت و دەخرێتە بازاڕەوە بەهۆی کەمبوونەوەی داخوازی لەسەر کڕینی موڵک لەلایەن خەڵکی بیانییەوە بەتایبەتی کڕیارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا، لە بەرامبەردا شەپۆلی کڕینی موڵک لە دەرەوەی وڵات لەلایەن هاووڵاتییانی تورکیاوە دەستپێکردووە.