کونسوڵخانەی چین لەبارەی شامپۆی "بریملس" ڕوونکردنەوە دەدات
K24 - هەولێر
کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر لەبارەی شامپۆی "بریملس" ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: ئامادەن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی بەرهەمەکە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 01-04-2024، گوتەبێژی کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی شامپۆی "بریملس" بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە سەرنجمان بهو ڕاپۆرتانە داوه کە لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوكراونهتهوه سەبارەت بە بەرهەمێکی شامپۆ بە ناوی بریملس "Brimles Herbal-Bubble"، لێرهدا دهمانهوێت هاوسۆزیی خۆمان بە بەکارهێنهرانی ئهو بهرههمه بگەیەنین".
گوتەبێژی کونسوڵخانەی چین لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئامادەیی ههماههنگیی لەگەڵ لایهنه پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە "بەمەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری سەبارەت بە ئەنجامی پشکنینی کوالێتی".
حکوومەتی چین، وەکو ئەوەی لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، "بایەخێکی زۆر بە کواڵێتی و سەلامەتیی کاڵاکانی هەناردەکراوەکانی چین دهدات، فهرمانگهكانی ڕێکخستنی بازاڕ و گومرگ بە تووندی بڕگە پەیوەندیدارەکانی یاسای کۆماری میللیی چین سەبارەت بە کوالیتی بەرهەم بە پشکنینی کاڵای هاوردە و هەناردەکردن جێبەجێ دەکەن".
گوتەبێژی کونسوڵخانەی چین دەڵێت، "ئێمە پێمان وایە هەر بەرهەمێکی ساختە و خراپ، کاتێک پشتڕاستکرایەوە، پێویستە بە خێرایی لە بازاڕ دەربکرێت و لە ڕێگەی هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە دەتوانین بەرژەوەندیی و مافی بەکارهێنەران لە پلەی یەکەمدا بپارێزین".
ئەو جۆرە شامپۆیە کە ناوی "بریملس"ـە و لە وڵاتی چینەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، سەرەتای ئەمساڵ، لە سلێمانی و هەولێر، دوای بەکارهێنانی، هەستیاری پێستی بۆ دوو هاووڵاتی دروست کرد. پێشتر دوو هاووڵاتییەکە بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاندبوو، لە رێگەی پەیجێکی ئۆنلاین ئەو شامپۆیەیان کڕی و پێیان گوتراوە "جۆری ئەم شامپۆیە سرووشتییە و کەرستەی کیمیایی تێدا نییە". کاتێک بەکاریان هێنا، تووشەی هەستیاریی پێست بوون.