زیاتر لە یەک ملیار دینار هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک کرا
K24 - هەولێر
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان زیاتر لە یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار کە لە ئەنجامی کەمپەینەک کۆکراوەتەوە، ڕادەستی پارێزگاری دهۆکی کرد بە مەبەستی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی ئەو لافاوەی لە ماوەی رابردوودا شارەکەی گرتەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 02-04-2024، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کرد.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان زیاتر لە یەک ملیار دیناری ڕادەستی پارێزگاری دهۆک کرد
رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. هەمان رۆژ، لافاو دوو هاووڵاتی لەگەڵ خۆی برد و کەسێکی دیکەش بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی. لەدەستدا. هەروەها زیاتر لە هەزار خانوو و ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگارانی هەولێر و دهۆک، رایگەیاند، "دوای ئەو لافاوەی دهۆکی گرتەوە؛ بە هاوکاریی ژمارەیەک وەبەرهێنەری هەولێر و سلێمانی کەمپەینێکمان بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە راگەیاند. ئەمڕۆ بڕی هاوکارییە ماددییەکە کە یەک ملیار و 352 ملیۆن دیناری عێراقییە؛ ئەمڕۆ ڕادەستی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکمان کرد."
وەکو ئەوەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی پێ دا، "کەمپەینەکە ئەمڕۆ کۆتایی نایەت و بەردەوام دەبێت. لە داهاتوودا هەر هاوکارییەکی دیکەی ماددی بەدەستمان گەیشت، ئەویش ڕادەستی پارێزگاری دهۆک دەکەین بە مەبەستی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە".
پارێزگاری دهۆک: هاوکارییەکەی خەڵکی هەولێر و سلێمانی بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو نەبوو
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی، "بە ناوی خەڵکی دهۆک، سوپاسی د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ فارووق مەلا مستەفا، سەرمایەداری سلێمانی و هەموو ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە هاوکارییان پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە کردووە".
د. عەلی تەتەر رایگەیاند، ئەو هاوکارییەی پێشکەشیان کراوە، بۆ ئەوان "شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو و هەر ئەمە لە خەڵکی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی هەولێر چاوەڕێ دەکرا". گوتیشی، "هەر جارێک کارەساتێکی سرووشتی لە دەڤەرەکەمان روویدابێت، خەڵکی هەولێر و شارەکانی دیکە هاوکارییان کردووین. خەڵکی دهۆکیش کەمتەرخەمی نەکردووە و، هاوکاریی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کردووە".
نزیکەی کاتژمێر 03:30ـی بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 01-04-2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی "چەلێ" لە سەنتەری شاری دهۆک کەوتەوە. دوای چوار کاتژمێر و بە هەوڵەکانی زیاتر لە 30 تیمی بەرگریی شارستانیی دهۆک؛ توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. بەهۆی ئاگرەکە، زیاتر لە 100 دووکان و 20 کۆگە سووتان.
د. عەلی تەتەر باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ، "زیانێکی زۆری ماددی کە بە دەیان ملیار دینار دەخەمڵێندرێت؛ بەر هاووڵاتییان و کاسبکارانی شارەکەمان کەوتووە. بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووش، زیانی ماددی بە قەبارەی دەیان ملیار دینار بەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووە".
پارێزگاری دهۆک جەختی لەوە کردەوە کە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئاگرەکە دەکەنەوە و گوتی، "هەر وەکو پێشتریش بەڵێنمان داوە، خەڵکی خۆمان بە تەنها بەجێ ناهێڵین. هەر کارەساتێکی سرووشتی رووبدات، بە هانایانەوە دەچین و هاوکارییان دەکەین".
بە گوتەی د. عەلی تەتەر، "تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ جۆرە هاوکارییەکی پێشکەش بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک نەکردووە. داوایان کرد، قەبارەی زیانەکیان بۆ بنێرین، ناردوومانن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکمان پێشکەش نەکراوە".
ئومێد خۆشناو: خەڵکی هەولێر و دهۆک بەردەوام هاوکاریی یەکدییان کردووە
لەلایەن خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "جارێکی دیکە وەکو خەڵکی هەولێر هاوخەمی خۆمان بۆ خەڵکی خۆشەویستی دهۆک و دەوروبەری دەردەبڕین بەهۆی ئەو لافاوەی شارەکەی گرتەوە و هاوکات بەهۆی ئەو ئاگرەی لە بازاڕی چەلێی دهۆک کەوتەوە".
پارێزگاری هەولێر گوتی، "ئەمە جاری یەکەم نییە خەڵکی دهۆک و هەولێر هاوکاریی یەکدی دەکەن. لە ساڵی 2022 کاتێک لافاو لە هەولێر هەڵسا، خەڵکی دهۆک زیاتر لە هەمووان هاوکاریی خەڵکی هەولێریان کرد. بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی دهۆک کارەکانیان راگرت و بە ئامێرەکانیان هاتنە هاوکاریی ئێمە. دواتر کەمپەینێکی هاوکاریی لەلایەن پارێزگارەوە راگەیەندرا".