ئەمەریکا شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ناتۆ و ڕووسیا ڕەتدەکاتەوە

K24 - هەولێر

نوێنەری ئەمەریکا لە ناتۆ ڕایگەیاند، ئەمەریکا لەو باوەڕەدا نییە، بەم نزیکانە شەڕ لە نێوان ڕووسیا و ناتۆدا هەڵگیرسێت.

جولیان سمیس، نوێنەری ئەمەریکا لە ناتۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانمان و توانای ڕێگریکردنمان، بەڵام ئێمە ئاماژەیەکمان پێ نەگەشتووە ئایا شەڕلەنێوان ڕووسیا و ناتۆ دەبێت یاخود نا."

ئەو گوتیشی: "ئێستە دەبینین کە ڕووسیا وەبەرهێنانێکی زۆر لە ناوخۆی ئۆکرانیادا دەکات و هیچ ئاماژەیەک و هۆشدارییەکیشمان نییە، لەوەی ئەو شەڕە سەرهەڵبدات."

سمیس، لەسەر قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە ئەگەری بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ڕۆژئاوا لەسەر خاکی ئۆکرانیا، گوتی. "واشنتۆن تا ئێستە هیچ پلانێکی لەو شێوەیەی نییە."

سمیس دەشڵێت: "ئەمەریکا پشتگیری لە ناردنی هێزەکانی ڕۆژئاوا ناکات بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا، ئێمە لە ڕۆژی یەکەمەوە بەڕوونی ئەوەمان گوتووە. نامانەوێت ئێمە ببنە لایەنێک لەم ململانێیەدا".

ئەو نوێنەرە جەختیشی کردەوە، ئەمەریکا پشتیوانی لە هیچ هێرشێکی ئۆکرانیا بۆ سەر ئامانجەکانی ناو خاکی ڕووسیا ناکات و و دەشڵێت، واشنتۆن تەنیا تیشکی لەسەر مافی ئۆکراینیەکانە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکانیان و دەرکردنی ڕووسەکان.

لای خۆیەوە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پێشتر لێدوانەکانی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر پۆڵەندا یان دەوڵەتانی باڵتیکی بە قسەی بێمانا وەسف کرد.