دوای بڕیارەکەی حکوومەت نرخی گۆشتی سوور دابەزیووە

K24 - هەولێر

دوای بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕسووماتی سەر هاوردەکردنی گۆشتی سوور بە ڕێژەی لە 50% ئێستا، بووەتە هۆی دابەزینی نرخی گۆشتی سوور.

هاووڵاتیەک بەناوی ڕزگار ئاکرەیی، لە مەیدانی ئاژەڵانی ئاکرێ بە کوردستن24ـی ڕاگەیاند، لە ئێستادا لە 20% نرخی ئاژەڵ دابەزیووە، بەڵام ئەگەر ئاژەڵی دەرەوە هاوردە بکرێت ئەوە دابەزینەکە دەگاتە لە 40 بۆ 50%، گوتیشی: دوای بڕیارەکەی حکوومەت ئێستا جموجۆڵی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ باشترە.

 گۆشتفرۆشێک بەناوی، کۆڤان ئیبراهیم بە کوردستان24ـی گوت: ئەو بڕیارەی حکوومەت زۆر باشبوو، ئەگەر باج و ڕسوومات لەسەر هاوردەکردنی گۆشتی سوور بە ڕێژەی لە 50% هەڵبگیرێت، ئەوە گۆشت زۆر هەرزان دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ کڕیاریش باش دەبێت ئەوەی پێشتر یەک کیلۆ یان دوو کیلۆ گۆشتی دەکڕی ئێستا  پێنج یان شەش کیلۆ گۆشت دەکڕێت.

ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان بریتی بوو لە داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هاوردەکردنی گۆشت لە دەرەوە.