لە پارێزگای سلێمانی بەنزین هەرزان بوو

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی نرخی لیترێک بەنزین بۆ هەر سێ جۆرەکەی هەرزان دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە 7ی نیسانی 2024، بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە سلێمانی، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە 825 دینارەوە دەبێتە 775 دینار، موحەسەنیش لە 1050 دینارەوە دەبێت بە هەزار دینار و سوپەریش لە هەزار و 200 دینارەوە دەبێتە 1150 دینار.

ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ لیترێک گازی شل لە سلێمانی لە 575 دینارەوە بۆ 525 دینار هەرزان دەبێت."

بەهمەن شێخ قادر سەبارەت بە هۆی هەرزانیی نرخی بەنزین دەڵێت: "بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و زۆریی بەنزین و کەمیی خواست هۆی هەرزان بوونی  بەنزینن، بۆیە پێمان باشبوو نرخی بەنزین هەرزان بکەین هاووڵاتییانیش سوودی لێ ببینن."

دەشڵێت: "دابەزینی نرخی بەنزین لە پاڕێزگای سلێمانی وادەکەی دیار نییە تاکو کەی بەردەوام دەبێت، ڕەنگە تەنیا بۆ ڕۆژێک بێت، لەوانەشە بەردەوام بێت."