گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: کەشێکی لەبار بۆ پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران هاتووەتە ئاراوە

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایدەگەیەنێت، کەشێکی لەبار بۆ پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە. دەشڵێت، "لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەکردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەران".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-04-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، میوانی گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24 بوو.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی گوتی، "لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخە نوێیەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق هاتووەتە ئاراوە؛ توانیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەینە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەکردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

هونەر جەمال ئەوەی خستە ڕوو، لە ئەنجامی بەردەوامی گفتوگۆ و سەردانەکانیان بۆ بەغدا، توانیویانە بڕوا بە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان بهێنن "دەبێت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بڕگە و پابەندییەک جیابکرێتەوە. دواجار بڕیاری دادگای فیدراڵی لێکەوتەوە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوتای فەرمانبەرانی عێراق لێ بکرێت".

بە گوتەی هونەر جەمال، لە ماوەی ڕابردوودا نووسراوی فەرمییان ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی دەست بکەن بە ڕێکارەکانی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، "ئەگەر هات بارودۆخی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەبار بوو. دەتوانم، بڵێم ئەو بارودۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە دەتوانێت ئەو کێشەیە چارە بکات".

پڕۆسەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی کرد، "پرۆسەیەکی هونەری ورد و ئاڵۆزە و کاتی پێویستە. هیودارین لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەموو وەزارەتەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک تەواوی دۆسیانەی (تایبەت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران) بنێرنەوە بۆمان. دواتر ئێمەش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی دارایی وردبینی تەواویان بۆ دەکەین، ئینجا لەگەڵ حکوومەت و وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم مافەی فەرمانبەران دەکەین".

وەکو ئەوەی هونەر جەمال باسی کرد، پێویستە کاتێ هەمواریی بودجەی عێراق دێتە پەرلەمان، دەستکاریی ئەو بڕگە و خشتانە بکرێت کە تایبەتن بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی میکانیزمی پلە بەرزکردنەوەیان جێبەجێ بکرێت، چونکە بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەو بڕە بودجەی بۆ شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، زیاتر دەبێت و دەبێت ئاماژەی پێ بکرێت.   

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووریی، دوای جەژنی ڕەمەزان لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، خۆجێیکردن (تەوتینکردن)ـی مووچەی فەرمانبەران و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی گفتوگۆ دەکات؛ ئەمە بە گوتەی هونەر جەمال بۆ کوردستان24.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی کرد، لەوانەیە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 100 ملیار دیناری عێراقی هەبێت و دەبێت ئەو بڕە پارەیەش لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێگیر بکرێت.