بازاڕه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌هۆی دۆخی ئابووری سستن

بازاڕه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌هۆی دۆخی ئابووری سستن
بازاڕه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌هۆی دۆخی ئابووری سستن

K24 - هەولێر

هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکن خۆیان بۆ جه‌ژنی ڕەمەزان ئامادە دەکەن، بەڵام بە هۆی گرانیی لە ڕادەبەدەرەوە تەنیا بازاڕی خواردەمەنییەکان کڕیاری هەیە و بازارەکانی دیکە بێ کڕیار ماونەتەوە. هاووڵاتیان ده‌ڵێن، "پاره‌كه‌مان ته‌نیا به‌شی دابینكردنی كڕینی خوارده‌مه‌نییه‌كان ده‌كات."

لە بازاڕی دزێی مەرگەوەڕی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان؛  هاووڵاتییان خۆیان بۆ جەژنی ڕەمەزان ئامادە دەکەن و لە ئێستاوە پێداویستییەکانی جەژن دەکڕن؛ بەڵام زۆرینەی هاووڵاتییان لە دۆخی بازاڕ و گرانیی لە ڕادەبەدەری هەموو شتێک ناڕازی و تووڕەن.

میوە و چەرەزات لە پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی بازاڕن کە ئەوانیش نرخەکەیان لە چاو ساڵی ڕابردوو زۆر بەرزبووەتەوە. بەم حاڵەش هاووڵاتییان ناچارن بە پێی توانا و ئەوەندەی گیرفانیان ڕێگە بدا، بۆ جەژنی ڕەمەزان لەم خواردەمەنییانە بکڕن.

جیا لە بەشی خواردەمەنییەکان بەشەکانی دیکەی بازاڕ و بە تایبەت مۆڵەکان چۆڵ و هۆڵن و کڕیاریان نییە. هاووڵاتیان ئەوەی هەیانە بۆ دابینکردنی خواردەمەنییەکانی دادەنێن و هیچیان بۆ کڕینی پێداویستییەکانی دیکە بۆ نامێنێتەوە.

سەرباقی ئەم دۆخە خراپە ئابوورییەش، جەژنی ڕەمەزان وەک یەکێک لە دوو جێژنە سەرەکییەکەی موسوڵمانان، لە لایەن هاووڵاتیانی رۆژهەلاتی کوردستانەوە بە دڵخۆشییەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.