بڕیاری لێخۆشبوونی لەسه‌دا 20ـی قەرزی کارەبا چووە بواری جێبەجێکردن

K24 – هەولێر

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی گشتاندنی بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوونی لە 20%ـی قەرزی کەڵەکە بووی کارەبا دەرکرد.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا بە نووسراوی ژمارە 2602 دەرچوو لە 8-4-2024 گشتاندنێکی ئاراستە

بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران.

لە گشتاندنەکەدا ئاماژەدراوە، تا کاتی ئاسایی بوونەوەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێژەی لێخۆشبوونی %20 لە سەر هاوبەشانی کارەبا بەردەوام دەبێت.

جێبەجێکردنی بڕیاری لێخۆشبوون ڕێژەی قەرزی کارەبا
جێبەجێکردنی بڕیاری لێخۆشبوون ڕێژەی قەرزی کارەبا

چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند، کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە درابوو.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:

داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ)

داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت

داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.

لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.

داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.

لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.