گەشتوگوزاری دهۆک: ئامادەکاریمان کردووە بۆ هاتنی گەشتیاران

K24 - هەولێر

بەرێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک ڕایگەیاند، لەگەڵ 30 کۆمپانیای گەشتیاریی عێراقی گفتوگۆمان کردووە کە گەشتیاری زیاتر بهێننە پارێزگای دهۆک.

د. خەیری عەلی، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە ئامادەکاریمان بۆ جەژن کردووە، هەروەها میوانداریی 30 کۆمپانیای گەشتیاری عێراقیمان کردووە و گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە کردووە تاوەکو گەشتیاری زیاتر بهێننە پارێزگای دهۆک.

گوتشی: هەر لەسەر ئەو بابەتە ئێمە وەکو بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک تیمی خۆمان ئامادە کردووە، لە سەنتەری دهۆک و شێخان و ئامێدی و ئاکرێ، هەروەها نامیلکەمان دابەش کردووە.

هەرسەبارەت بەگەشتوگوزار، خەیری ئاماژەی کرد، بۆ یەکەمین جار ئێمە ئەلبوومێکمان چاپ کردووە، بەناوی ئەلبوومی گەشتیاریی پارێزگای دهۆک، کە دوای جەژن کۆتایی دێت، دەشڵێت: ئێمە پێشبینی دەکەین ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک ڕێژەیەکی کەم بێت چونکە قوتابیانی قوتابخانەکانی عێراق ئێستا سەرقاڵی تاقیکردنەوەن.

بەرێوەبەری گەشتوگوزاریی دهۆک باسی لەوەش کرد، هەرچەندە هەندێک شوێنی گەشتیاریش زیانمەندبوون لە ڕووداوەکانی دهۆک، بەڵام لیجنە پێک هێنراوە کە قەرەبوو دەکرێنەوە، بۆیە ئەو شوێنە گەشتیارانەی بەر لافاو کەوتن، خۆیان بۆ هاتنی گەشتیاران ئامادە کردووە.