ئافرەتان و منداڵان قوربانیی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل و حەماسن

دیمەنی ئاوارەبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی غەززە (وێنە: AP)
دیمەنی ئاوارەبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی غەززە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

ئافرەتان و منداڵان قوربانیی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل و حەماسن، بەجۆرێک، لە کۆی 35 هەزار و 500 قوربانی غەززە، نزیکەی 25 هەزاریان ئافرەت و منداڵن. ئاژانسی ئۆنرواش جەنگی غەززە وەکو جەنگێکی دژ بە ئافرەتان پێناسە دەکات.

 212 ڕۆژ بەسەر دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس تێدەپەڕێت و ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیش لە هەڵکشاندایە، ئامارەکان دەری دەخەن، ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیانی شەڕەکە ئافرەت و منداڵن.

ئاژانسی ئۆنروا جەنگی غەززە جەنگی دژ بە ئافرەتان ناو دەبات و دەڵێت، "دایک و کۆرپەکان سووتماکی شەڕەکەن".  لە کۆی 35 هەزار و 535  کوژراو، 14 هەزار و 944 هەزاریان منداڵن و 9 هەزار و 849 لەوانەش ئافرەتانن.

 ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەدات، ڕۆژانە 37 منداڵ لە غەززە بێ دایک دەبن، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 155 هەزار ئافرەتی دووگیان و شیردەر بە ئەستەم دەستیان بە ئاوی خاوێن و خۆراکی ڕۆژانە دەگات.

شەڕ لە کەرتی غەززە، پێی نایە مانگی حەوتەمەوە، زیانە گیانی و ماددیەکانیش تادێت زیاتر دەبن، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، غەززە بە جۆرێک وێران بووە کە بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە 40 بۆ 50 ملیار دۆلاری تێ دەچێت.

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە بەبێ پلانێک بۆ ڕزگارکردنی خەڵكی سڤیل لە شاری ڕەفەح، هێرشی زەمینی بۆ سەر ئەو شارە نەکات، هەروەها 26 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا دژایەتیی خۆیان بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح دەربڕیوە، کە تاکە شارە لە کەرتی غەززە تا ئێستا ئیسرائیل هێرشی زەمینی نەکردبێتە سەر.