میسر.. پۆشینی پەچە لە ناوەندەکانی خوێندندا قەدەغە دەکات

K24 - هەولێر

دادگای کارگێڕی میسر لە ئەنجومەنی دەوڵەت ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە بەشێوەی فۆرم داواکارییەکەی وەزیری پەروەردە قبووڵ بکەن، ئەویش قەدەغە کردنی پۆشینی پەچە "نیقاب"ە لە ناوەندەکانی خوێندنی وڵاتدا.

هاووڵاتییانی میسر سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە و داوایانکرد بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە بۆ قەدەغەکردنی پۆشینی پەچە لە خوێندنگەکاندا بوەستێنرێت، کە لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنەوە دەستپێدەکات.

لای خۆیەوە دادگای کارگێڕی ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیاریدا کە دۆسیەکە بە شێوەی فۆرم قبوڵ بکات و لە جەوهەریدا ڕەت بکرێتەوە.

لە مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی پەروەردە و پەروەردەی تەکنیکی لە میسر، بڕیارێکیان دەرکرد کە تایبەتمەندییەکانی جلوبەرگی خوێندنگەکانی میسر دیاریبکرێت و لەنێویاندا "قەدەغەکردنی پۆشینی پەچە لە خوێندنگەکاندا ببێت بە بڕیارێکی سەرەکی". ئەمەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

بەگوێرەی بڕیارەکە، "لەسەرکردنی سەرپۆش بۆ قوتابیانی کچ ئارەزوومەندانەیە، بەمەرجێک دەموچاو دانەپۆشراوبێت"

لای خۆیەوە وەزارەتەکە جەختی کردەوە، هەر قوتابییەک حیجاب بپۆشێت، دەبێت سەرپەرشتیار ئاگاداری هەڵبژاردنی قوتابییەکە بێت، هەروەها هەڵبژاردنەکە لەسەر بنەمای ئارەزووی قوتابییەکە بەبێ فشار یان زۆرەملێ لەلایەن هیچ کەسێک یان قەوارەیەکی ترەوە جگە لە قوتابییەکە نەدرابێت.