پێنتاگۆن: ئوستن و گالانت باسیان لە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە کردووە

K24 - هەولێر

لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا و یۆئاڤ گالانتی هاوتا ئیسرائیلییەکەی، پرسی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە بەشێک لە کەرتی غەززە، و لێکۆڵینەوەکانی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە کوشتنی کرێکارانی فریاگوزارییان تاوتوێ کرد.

پێنتاگۆن بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە، "ئۆستن لەگەڵ گالانت قسەی کردووە بۆ تاوتوێکردنی زیادکردنی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە بەشێوەیەکی بەرچاو، لەوانەش جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانەی کە لەلایەن کابینەی جەنگی ئیسرائیلەوە پەسەندکراون".

بەپێی بەیاننامەکە، هەردوو وەزیرەکە باسیان لە "لێکۆڵینەوەکانیسوپای ئیسرائیل کردووە، سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کارمەندانی فریاگوزاری مرۆیی لە "وۆرڵد سەنتەر کیچن" و پێویستی گۆڕانکاری لە ڕێکارەکاندا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕووداوی لەو جۆرە دووبارە نەبنەوە".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "گالانت وردەکارییەکانی سەبارەت بە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە بەشێک لە غەززە و داهاتووی هەڵمەتی ئیسرائیل لە دژی حەماس خستەڕوو، ئۆستنیش پابەندبوونی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن لە گەڕانەوەی بێ مەرجی سەرجەم بارمتەکان".

بەپێی بەیاننامەکە، وەزیرە ئەمەریکیەکە "پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل بەهۆی ئەو هەڕەشانەی ئێران و تۆڕی گرووپەکان دروستی کردووە دووپاتکردەوە".

یەکشەممەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل زۆربەی هێزەکانی لە کەرتی غەززە کشاندەوە، ئەمەش بە ڕاگەیاندنی فەرمی دادەنرا بۆ کۆتایی هاتنی مانۆڕی زەمینی کە لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد.