عەلاوی: لە عێراق یاری بە دیموکراسییەت دەکرێت

ئەیاد عەلاوی، یەکەمین سەرۆکوەزیرانی عێراقی پاش رووخانی رژێمی بەعس
ئەیاد عەلاوی، یەکەمین سەرۆکوەزیرانی عێراقی پاش رووخانی رژێمی بەعس

ئەیاد عەلاوی، یەکەمین سەرۆکوەزیرانی عێراقی پاش رووخانی رژێمی بەعس سەبارەت بە ساڵیادی رووخانی رژێمەکە، دەڵێت، "لە عێراقی ئەمڕۆ یاری بە دیموکراسییەت دەکرێت، ئەوەش متمانەی لەنێوان گەل و دەسەڵاتداراندا لاوازکردووە."

21  ساڵە سیستەمی سیاسی عێراق لە ناوەندگەرای دیکتاتۆرییەوە بۆ فیدراڵی دیموکراسی گۆڕاوە، هیواکان لەسەر عێراقی نوێ زۆربوون؛ بەڵام دوای 21 ساڵ، وردە وردە دەرکەوێت عێراقی نوێ ئەو عێراقە نییە تێکڕای نەتەوە و ئاینزاکانی عێراق خۆیانی تێداببیننەوە.

21 ساڵ پێش ئێستا هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا رژێمی بەعسیان لە عێراق رووخاند و سیستەمی فیدراڵییان جێگیرکرد. سیاسیی و چاودێرانیش لەسەر خاڵە باش و خراپەکانی سیستمەی نوێی عێراق قسەیان هەیە.

لەوبارەیەوە ئەیاد عەلاوی، یەکەمین سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای ڕووخانی بەعس لە چاوپێکەوتنێکدا باس لەوە دەکات،  "ئەمەریکا سیستەمی تائیفی و پشکپشکێنەی هێنایە عێراقەوە کە ئەمە هەڵەیەکی گەورەبوو".

عەلاوی دەشڵێت، "سیستەمی سیاسی عێراقی ئەمڕۆ لاوازە، لایەنەکان یاری بە دیموکراسییەت دەکەن و ئەوەش متمانەی لەنێوان گەل و دەسەڵاتداراندا لاوازکردووە". لە درێژەی قسەکانیدا ئەیاد عەلاوی دەشڵێت، لە عێراقی نوێ دووجار کودەتا بەسەر دیموکراسیدا کراوە یەکەمییان رێگەگرتن لە خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە 2010 و دووەمیان رێگەگرتن لە موقتەدا سەدر لە 2021.

یەکەم سەرۆکوەزیرانی عێراقی نوێ ئاماژە بەوەش دەدات، ئەوەی ئێستا لە عێراقدا حوکم دەکات ئەجێندای بیانییە، بەتایبەتی ئەجێنداکانی تاران و واشنتن.

ئەیاد عەلاوی تیشیکی خستووەتە سەر یەکێک لە کێشە گەورەکانی عێراقی نوێ و دەڵێت، "وڵات پڕبووە لە هێزی چەکدار، دەبێت هەموویان لەژێر چەتری فەرماندەیی گشتی کۆبکرێنەوە، چونکە هەبوونی دەیان گرووپ و کەتیبە دۆخەکەی گەیاندووە بەم ڕۆژە".

سەبارەت بە هەنگاوەکانی موقتەدا سەدر، عەلاوی رایگەیاندووە، "کشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی هەڵەبوو، دەبوو پەرلەمانی کۆنترۆڵکردایە و کاری سیاسی بکردایە، پێم وانییە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە مەیدانەکە".