ڕێبوار تاڵه‌بانی: بارودۆخی كه‌ركووك نائاسایی و ناده‌ستوورییه
K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ئاماژه به‌وه ده‌كات، بارودۆخی كه‌ركووك به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا ئاسایی نییه و ناده‌ستوورییه؛ ده‌شڵێت، پڕۆسه‌ی ته‌عریبكردنی كه‌ركووك وه‌ك سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس به‌رده‌وامه.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 9ـی نیسانی 2024) ڕێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك تایبه‌ت به كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، هه‌مان ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی له سه‌د ساڵی ڕابردوودا ئیداره‌ی عێراق و كه‌ركووكی كردووه، ئێستایش ئیداره‌ی عێراق و كه‌ركووك ده‌كات و
سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ئاماژه‌ی به‌وه كرد، سه‌رانی ئێستای سیاسی عێراق وه‌ك سه‌رده‌می ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری 1970، له ڕێككه‌وتن و به‌ڵێنه‌كانی سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆنبوونیان به‌تایبه‌تی له هه‌ردوو كۆنگره‌ی له‌نده‌ن و سه‌ڵاحه‌ددین پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه.
ڕێبوار تاڵه‌بانی باسی له‌وه‌یش كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كورد ده‌ستوور بارودۆخی كه‌ركووكی دیاری كردووه، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستای كه‌ركووك هه‌مان بارودۆخی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس و دوای ڕووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌یه.
ناوبراو گوتیشی، سه‌رۆككۆماره‌كانی و سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كانی عێراقی دوای 2003، له جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور و مادده‌ی 140 به‌رپرسیارن.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕ‌اكێشا، و دۆخی ئه‌و شاره ده‌بێت بگه‌ڕێندرێته‌وه پێش ساڵی 1968 و خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شاره‌كه بڕیار له چاره‌نووس و كارگێڕییه‌كه‌ی بدات و نوێنه‌رانی خۆی بۆ په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی شاره‌كه هه‌ڵبژێڕیت.
ڕێبوار تاڵه‌بانی جه‌ختیشی كرده‌وه، پڕۆسه‌ی ته‌عریبكردنی كه‌ركووك وه‌ك سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس به‌رده‌وامه و هه‌موو ڕۆژێك هه‌ڵده‌كوترێته سه‌ر موڵك و ماڵ و زه‌وی كورد له شاره‌كه.