پشتیوان سادق: دوای جەژن وەزارەتی دارایی خەریکی ئامادەکردنی لیستی مووچە دەبن

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی

K24 - هەولێر

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە لەدوای جەژنی ڕەمەزان خەریکی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار دەبن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو کێشەی کە لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقدا هەبوو چارەسەر بوو، ئەمەش دەبێتە هۆی پردی متمانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دروست بێت، بۆ ئەوەی سەقامگیری زیاتر بێتە کایەوە.

بەگوتەی ئەو، "لە ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێخی نەکردووە لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، لە ئایندەشدا هەروا دەبێت خزمەتی کوردستان دەکات."

ئەو باسی لەوەشکرد، مووچە مافێكی سروشتی خەڵکی کوردستانە. خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی کە بە ئازادی و سەربەرزی بژی و دەستەبەری مافەکانی بکرێت، ئەو مووچانەی کە دراویشە مافی خەڵکی کوردستانە، لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیەشە کە لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتی فیدراڵ بووە.

پشتیوان سادق گوتیشی، "هیوادارین هیچ کاتێک بابەتی دارایی وەکو مووچە، وەکو وەسیلەیەکی سیاسی لەدژی کوردستان بەکارنەیەت، ئەوەی من ئاگاداریشبم لەدوای جەژنی ڕەمەزان وەزارەتی دارایی لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە خەریکی لیست دەبن بۆ مووچەی مانگی چوار، بەهیواین لەمەودوا مووچە نەبێت بە کێشە مانگانە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووجەکانی خۆیان وەربگرن."