دەیان هەزار کەس نوێژی جەژنی ڕەمەزانیان لە مزگەوتی ئەقسا کرد

نوێژی جەژنی ڕەمەزان لە مزگەوتی ئەقسا - قودس
نوێژی جەژنی ڕەمەزان لە مزگەوتی ئەقسا - قودس

K24 – هەولێر

هاوکات لەگەڵ تەواوی موسڵمانانی جیهان زیاتر لە 60 هەزار کەس لە مزگەوتی ئەقسا لە قودسی کۆن بەشداربوون لە نوێژی جەژنی ڕەمەزان و جەژنە پیرۆزەیان کرد.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بۆ بەشداری کردن لە نوێژی جەژن ڕوویان لە قودسی کۆن و مزگەوتی ئەقسا کرد، بەڵام بەشێکی زۆریان بە هۆی ڕێگرییەکانی پۆلیسی ئیسرائیل، نەیانتوانی بگەنە نێو حەڕەمی مزگەوتی ئەقسا و بە ناچاری لە شەقام و کۆڵانەکانی نزیک مزگەوتەکە نوێژی جەژنیان کرد، بەڵام بە گوێرەی ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە زیاتر لە 60 هەزار کەس لە نێو مزگەوت و حەوشەی مزگەوتی ئەقسا بەشدارییان لە نوێژی جەژنی ڕەمەزاندا کردووە.

لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە دوای بەرز ڕاگرتنی شەوی قەدر لە مزگەوتی ئەقسا کە زیاتر لە 200 هەزار موسڵمان تیایدا بەشداربوون، نوێژی جەژنی ڕەمەزان دووەمین کۆبوونەوەی فراوانی موسڵمانانە لە مزگەوتی ئەقسا.