ئێران هەڕەشە دەکات و ئەمەریکاش هۆشداری دەدات

وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئاڵای ئێران و ئەمەریکا
وێنەیەکی تێکەڵاو لە ئاڵای ئێران و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەمەریکا دەڵێت، دەستی لە هێرشی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق نەبووە و نابێت ئێران ئەوە بکاتە پاساو بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانیان. ئەمە لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوو ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

تادێت هەڕەشەکانی ئێران و هۆشدارییەکانی ئەمریکا زیاتر دەبن؛ ئێران خۆی یەکلایی کردووەتەوە و دەیەوێت لە بەرامبەر کوژرانی حەوت فەرماندەکەی لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، وەڵامی هەبێت.

کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کوشکی سپی رایگەیاند، ئێرانیان ئاگادارکردووەتەوە، هێرشی سەر کونسوڵخانەیان لە دیمەشق نەکاتە پاساو بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کوشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە پەیوەندیمان بە ئێرانەوە کردووە، پێمان راگەیاندوون، ئەمریکا دەستی لە هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەیان لە دیمەشق نییە. ئێرانمان ئاگادارکردووەتەوە ئەم هێرشە نەکاتە پاساوێک بۆ زیادکردنی گرژییەکان لە ناوچەکە و هێزەکانمان بکاتە ئامانج."

ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێت، لە مەترسی زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانن و هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەی خستەڕوو، "وەزیری دەرەوە بلینکن، لە 24 کاتژمێری رابردوو پەیوەندی بە هاوتاکانییەوە لە تورکیا، چین و سعودیە کردووە و پەیامێکی روونی پێداون، کە زیادبوونی گرژییەکان لە بەرژەوەندی هیچ کەسدا نییە، پێی راگەیاندوون، دەبێت داوا لە ئێران بکەن گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر نەکات. لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەمان لە ئەوروپاش لە هەماهەنگیدا بووە، داوای لێکردوون ئێران ئاداگاربکەنەوە، زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی، ئێران و ناوچەکە و تەواوی جیهانیش نییە. ئێمە لە مەترسی زیادبوونی گرژییەکان نیگەرانین و هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەین."

1ی نیسان لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق حەوت فەرماندەی سوپای پاسداران کوژران، بەرپرسانی ئێرانیش هۆشداری دەدەن لەوەی لەکات و شوێنی گونجاو وەڵامی توندیان دەبێت. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرنەڵی ئەمەریکیش لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت ئێران لە 2 رۆژی داهاتوو هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل.