ناتانیاهۆ: ئامادەین بۆ هەرسیناریۆیەک کە لە ناوچەکانی دەرەوەی غەززە ڕووبدات

K24- هەولێر

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە جەنگە لە کەرتی غەززە، بەڵام ئامادەیە بۆ هەر سیناریۆیەک لە هەر ناوچەیەکی دیکە.

ئەو لێدوانەی ناتانیاهۆ لەکاتێکدایە، کە ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات بەوەی وەڵامی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەی دەداتەوە کە لە دیمەشق بۆردومان کرا و چەند بەرپرسێکی باڵای کوژرا.

ناتانیاهۆ لەکاتی سەردانیکردنی بۆ بنکەی ئاسمانی باشووری ئیسرائیل گوتی: "ئێمە ئامادەین مەرجە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە بەرگریکردن و هێرشبردندا جێبەجێ بکەین".

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 1ـی نیسان ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بۆردومانیکرد، کە بووە هۆی کوژرانی 16 کەس، لەوانەش چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانی تێدابووە.

لەبەرانبەردا ئێران بەڵێنی دا تۆڵەی هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەکەیان لەدیمەشق بکاتەوە، ئەوەش گرژییەکانی ناوچەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە.