بەڕێوەبەری 'ئێف بی ئای' هۆشداری هێرشکردن دەداتە ئەمەریکییەکان

K24 - هەولێر

کریستوفر ڕای، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، لیژنەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئاگادار کردەوە، لە نیگەرانییەکانی نووسینگەکە سەبارەت بە ئەگەری هێرشێکی ڕێکخراو بۆ سەر ئەمەریکا، هاوشێوەی ئەو هێرشەی کە مانگی ڕابردوو لە ڕووسیا ڕوویدا زیاتر لە 13 کەس کوژران.

 ڕای لە میانی دانیشتنێکی بودجەدا بە یاسادانەران دەڵێت: "بە پشتبەستن بە ئەزموونی پیشەیی خۆی لە جێبەجێکردنی یاسادا، بۆی ئەستەمە سەلامەتی گشتی و ئاسایشی نیشتمانی لە یەک کاتدا لەبەرچاو بگرێت.

بەرپرسانی ئەمەریکی نیگەرانن لە ئەگەری ڕوودانی هێرشکردن، چ بە تاک یان لە ڕێگەی گروپێکی بچووکەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە لە کەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە سەبارەت بە ئەگەری هێرشێکی هەماهەنگ بۆ سەر خاکەکەمان، دەشڵێت: FBI  زیاتر نیگەرانە لە هێرشێکی ڕێکخراو.

 هەروەها ڕای بەنیازە فشار بخاتە سەر یاسادانەران بۆ نوێکردنەوەی بەرنامەیەکی چاودێری ئەمەریکی کە پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا کۆتایی پێبێت، کە بە ئامرازێکی گرنگ لە دژی نەیارانی ئەمەریکا وەسفی دەکات.

 هەموارکردنەوەی بەرنامەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە ڕۆژی چوارشەممە ڕەتکرایەوە، بەهۆی نیگەرانییەکانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانەوە، کە گەرەنتی پێویستی تێدا نەبووە بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی چاودێریکردنی حکوومەت.

 ڕی بە یاسادانەران گوتووە: بەرنامەکە "بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان زۆر گرنگە و ئێمە لە کاتێکی سەختداین".

لە 22ـی ئاداردا لەناو جەرگەی مۆسکۆ هێرش کرایە سەر هۆڵێکی ئاهەنگ گێڕان، لانیکەم 137 کەس کوژران، ئەمەش گەورەترین هێرش بوو کە ڕووسیا لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بوبێتەوە.