"لە 48 كاتژمێری داهاتوو لەرێگەی سهدان درۆن و مووشهك، ئێران هێرشدەكاتەسەر ئیسرائیل"
K24 - هەولێر:
ئێران لە 48 كاتژمێری داهاتوو لەرێگەی زیاتر لە 100 درۆن و دهیان مووشهك هێرشدەكاتەسەر ئیسرائیل.
بەگوێرەی زانیارییهكانی دوو بەرپرسی باڵای ئەمهریكا و ئیسرائیل، كە قسەیان بۆ كهناڵی سی بی ئێس نیوزی ئهمهریكی كردووە، ئێران ئامادەكاری تەواویكردووە و دەیەوێت لە رێگەی زیاتر لە 100 درۆن و دهیان مووشهك هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل.
ئەو دوو بەرپرسە ئەمهریكی و ئیسرائیلیە دەڵێن، هێرشەكەی ئێران یان هەینی یان شەممە ئەنجامدەدرێت و بەگوێرەی زانیارییەكانیان چەند بنكەیەكی سەربازی لەناوخۆی ئیسرائیل دەكاتە ئامانج.
مەترسی ئەوە هەیە، سیستمی بەرگری ئاسمانی و مووشەكی ئیسرائیل نەتوانێت رووبەرووی هێرشێكی لەو جۆرە ببێتەوە.
ئەمهریكا لەنزیكەوە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دەكات بۆئەوەی رێگری لە هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئێران بكات.
ئیسرائیل لەبەرزترین ئاست ئامادەیی خۆی راگەیاندووە و دەڵێت، دەتوانین رووبەرووی هەر هێرشێك ببینەوە و زۆر بە توندیش وەڵامی ئێران دەدەینەوە.
سیناتۆرێكی ئەمهریكیش دەڵێت، ئەگەر ئێران هێرشەكەی ئەنجامبدات، ئیسرائیل وەڵامدەداتەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر مەترسیدار دەبێت، بەشێوەیەك لە 1973وە هێندە مەترسیدار نەبووبێت.
پێشتریش عهلی خامنهیی رێبهری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له گوتارێکدا ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیلیش بۆ سەر کۆنسولخانەی ئێران لە دیمەشق، وەک ئەوەیە هێرشی کردبێتە سەر خاکی ئێران، هەر بۆیە دەبێت ئیسرائیل لە سەر ئەم تاوانە سزا بدرێ و بە دڵنیاییەوە سزای دەدەین.
ئێوارەی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێرانی کردە ئامانج و لە نێویدا 18 کەس کوژران کە شەشیان فهرمانده و ڕاوێژكاری سەربازی سەر بە سوپای پاسداران بوون و یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودسی پاسداران بوو لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین.