عه‌بدوڵڵاهیان: وەڵامی ئێران بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل گونجاو  و سنووردار دەبێت

حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران
حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران

K24 - هەولێر:

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای ڕایگەیاند، وەڵامی ئێران بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل ''گونجاو''  و ''سنووردار'' دەبێت.

پێگەی ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە داوە، ئانالینا بێربووک لەسەر داوای ئەمەریکا پەیوەندیی بە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی کردووە و بۆ ماوەی 90 خولەک هەموو ڕەهەندەکانی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلیان تاووتوێ کردووە.

بێربووک بە عەبدوڵڵاهیانی ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا نیگەرانی پەرەسەندنی گرژییه‌كانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەبێ ئێران بیر لە لێکەوتەکانی هێرش بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بکاتەوە.

هاوکات ئەمیرعەبدوڵڵاهیان جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئیسرائیل یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و هێرشی کردووەتە سەر ناوەندی دیپلۆماتیکی ئێران، بۆیە ئەوانیش وەڵامێکی ''گونجاو'' و ''سنووردار'' بەو هێرشە دەدەنەوە.

پێشتریش دوو بەرپرسی باڵای ئەمه‌ریكا و ئیسرائیل، كە قسەیان بۆ كه‌ناڵی سی بی ئێس نیوزی ئه‌مه‌ریكی كردبوو، رایانگه‌یاندبوو، ئێران ئامادەكاری تەواویكردووە و دەیەوێت لە رێگەی زیاتر لە 100 درۆن و ده‌یان مووشه‌ك هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل.

ئێوارەی رۆژی (1ـی نیسانی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێرانی کردە ئامانج و لە نێویدا 18 کەس کوژران کە شەشیان فه‌رمانده‌ و ڕاوێژكاری سەربازی سەر بە سوپای پاسداران بوون و یەکێکیان بەرپرسی فەیلەقی قودسی پاسداران بوو لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین.