یەکێتیی ئەوروپا هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل سەرکۆنە دەکات

 Kurdistan24 هه‌ولێر


جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "یەکێتیی ئەوروپا هێرشی قبوڵنەکراوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل شەرمەزار دەکات. ئەم هێرشە پەرەسەندنێکی بێ وێنە و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە".


درەنگانی شەوی شەممە، 13-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسدارانە کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.


بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە لەنێو خاکی عێراق، لوبنان، ئوردن و سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، بەشێکی دیکەشیان ڕاستەوخۆ لەنێو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کراون. 


سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێرانی پشتڕاستکردەوە


دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێک لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان بۆ هەر هێرشێکی ئێرانکردووە و ئاگاداری دەستپێکردنی هێرشەکەن. گوتیشی، هێرشەکە مووشەکیش لەخۆ دەگرێت، نەک تەنها درۆن.


بەرپرسە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، درۆنەکانی ئێران چەند کاتژمێرێکیان دەوێت تاوەکو دەگەنە نێو خاکی ئیسرائیل؛ "ئەگەر لە ڕێگە نەکەونە خوارەوە، پێشبینی دەکەین دوای کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیان بگەنە ئیسرائیل".


بایدن گەڕایەوە کۆشکی سپی


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە پشووە چەند رۆژەکەی گەڕایەوە و بەپەلە لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکەی ئێران، لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و وەزیری بەرگریی کۆبووەوە. تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، کۆبوونەوەکەیان بەردەوامە.


بەرپرسانی ئەمەریکا دەستپێکردنی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پشتڕاستدەکەنەوە و پێشبینی دەکەن، ئێران دەیان مووشەک (مووشەکی جۆری کروز) و زیاتر لە 100 درۆن لە هێرشەکەدا بەکاربهێنێت.


بەرپرسە ئەمنییەکانی ئەمەریکا پێیانوایە هێرشەکەی ئێران چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت و چەند پێگەیەک لەنێو خاکی ئیسرائیلدا دەکرێنە ئامانج.


بەهۆی هێرشەکە ئاسمانی چەند وڵاتێک داخرا


بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل؛ هەر یەکە لە عێراق، ئوردن، سووریا و لوبنان بەشێوەیەکی کاتی، ئاسمانیان بە تەواوەتی بەڕووی هاتووچۆی فڕۆکەوانیدا داخستووە، ئەمەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی.