گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاسایی بوونەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

K24 - هەولێر

سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی کوردستان؛ گەشتە ئاسمانییەکان دەست پێکردەوە.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتژمێر 09:00ـی ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، جارێکی دیکە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕووی فڕۆکەکاندا کرایەوە و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی دەستیان بە گەشتە ئاسمانییەکانیان کردەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوێنێ شەوەوە، بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل؛ هەر یەکە لە عێراق، ئوردن، سووریا، لوبنان و چەند وڵاتێکی دیکە بەشێوەیەکی کاتی، ئاسمانیان بە شێوەیەکی کاتی بەڕووی هاتووچۆی فڕۆکەوانیدا داخست، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی.

شەوی شەممە، 13-04-2024، دەوروبەری کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست یپێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرانە ئامانج.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل؛ ئێران لە هێرشەکەی شەوی رابردوویدا، 170 درۆن، 30 مووشەکی جۆری "کرووز" و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و زۆرینەیان خراونەتە خوارەوە. هاوکات بەشێکی ئەو مووشەک و درۆنانە، لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرانە خوارەوە.

هێرشەکەی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ یەکێتیی ئەوروپا و هەر یەکە لە وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە و چەندین وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "بە توندی" هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. وابڕیاریشە،  ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکە بکات.