ئەفغانستان.. لە ئەنجامی لافاو 33 کەس خنکان

هەڵسانی لافاو لە ئەفغانستان (وێنە: AFP)
هەڵسانی لافاو لە ئەفغانستان (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

لە ئەنجامی ئەو لافاوەی سێ ڕۆژە ئەفغانستانی گرتووەتەوە، لانیکەم 33 کەس خنکان و 27 کەسی دیکەش بریندار بوونە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-04-2024، عەبدوڵڵا جەنان سائیق، گوتەبێژی تاڵیبان لە وەزارەتی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتی سروشتی؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی بارانی وەرزی لە ئەفغانستان؛ ماوەی سێ ڕۆژە لافاو هەڵساوە و لە ئەنجامیدا لانیکەم 33 کەس خنکاون و 27 کەسی دیکەش برینداربوونە.

بە گوتەی عەبدوڵڵا جەنان، لە ئەنجامی لافاوەکەدا، زیاتر لە 600 خانوو یان زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون. هەروەها نزیکەی 200 ئاژەڵیش خنکاون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو گوتەبێژەی تاڵیبان، لافاوەکە زیانی بە نزیکەی 800 هێکتار زەوی کشتوکاڵیی گەیاندووە، هەروەها زیاتر لە 85 کیلۆمەتر (53 میل) ڕێگاوبانەکان زیانیان پێگەیشتووە.

گوتەبێژەکەی تاڵیبان ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژئاوای فەرەح، هەرات، باشووری زابول و قەندەهار ئەو پارێزگایانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

هاوکات وەزارەتی کەشناسی ئەفغانستان پێشبینی کردووە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی باران 34 پارێزگای ئەفغانستان بگرێتەوە.