نێچیرڤان بارزانی: بە ڕەزامەندیی هەمووان هەڵبژاردن دەکرێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەشتەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی - سلێمانی ڕایگەیاند، "پێویستە لایەنە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندی نیشتمان ڕێککەون، بەو شێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین".

ئەمڕۆ چوار شەممە، 17ـی نیسانی 2024، لە هەشتەمین دیداری سلێمانی زانکۆی ئەمەریکی - سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "گەلی کوردستان گەلێکی یەکگرتووە. پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەندیی نیشتمان ڕێککەون، بەو شێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین".

بەگوتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "ئەو هەڵبژاردنە بە ڕەزامەندیی و بە بەشداربوونی هەموو لایەک دەکرێت، بوونی پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی زۆر گرنگە لە ناوچەکەدا. دەبێت بیپارێزین. حکوومەتی هەرێمی کوردستان وڵاتێکی دوای ئەنفال و کیمیاباران ئاوەدان کردووەتەوە، دەبێت هەموومان پشتیوانی لێبکەین".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "پێشمەرگە قارەمانەکان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و بوونە مایەی ناوبانگێکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان لە جیهاندا، هەموو ئەمانە هی ئەوەن کە گەشبین بین و هەرچی زووترە لەناو خۆماندا ڕێککەوین."

ڕۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد کە ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت.

لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لەڕۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.