نادال ماڵئاوایی لە بارسێلۆنا کرد

رافایل نادال تێنسزانی ئیسپانی
رافایل نادال تێنسزانی ئیسپانی

رافایل نادال تێنسزانی ئیسپانی و خاوەنی زۆرترین ناسناوی پاڵەوانیەتی تێنسی 500 خاڵی بارسێلۆنا، تووشی دۆڕان بوو و ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتیەکە کرد.

رافایل نادال دوای نزیکەی دوو مانگ دوورکەوتنەوە بەهۆی پێکان، لە پاڵەوانیەتی تێنسی بارسێلۆنا دووبارە گەڕایەوە و یاریی یەکەمی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند، بەڵام لە یاریی دووەم تووشی دۆڕان بوو و ماڵئاوایی کرد. نادال خاوەنی 12 ناسناوی پاڵەوانیەتی تێنسی بارسێلۆنا، لە قۆناغی دووەم رووبەرووی ئالێکس دێ میناور تێنسزانی ئوستڕالی بووەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام دۆڕاند، ئەنجامی سێتەکانیش حەوت پێنج و شەش یەک بوون.

تێنسزانە ئیسپانیەکە یارییەکەی لە ماوەی کاتژمێرێک و 50 خولەک دۆڕاند و نەیتوانی بلیتی قۆناغی سێیەمی پاڵەوانتیەکە بەدەست بهێنێت.

رافایل نادال خاوەنی 22 ناسناوی گراندسلام، ئامانج لە بەشداری کردنی پاڵەوانیەتی تێنسی بارسێلۆنا، ئامادەکاری بوو بۆ پاڵەوانیەتی تێنسی گراند سلامی رۆلان گارۆسی فەرەنسا، کە بڕیارە مانگی داهاتوو پاڵەوانتیەکە بکرێت.