ژمارەی کوژراوانی غەززە لە سی و چوار هەزار کەس تێپەڕی

دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە
دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە

K24 – هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین دوا ئاماری قوربانیانی خەڵکی غەززەی لە شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل ڕاگەیاند کە بەهۆیەوە زیاتر لە 43 هەزار کەس کوژراون.

لە نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دا هاتووە، لەوەتەی شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو دەستی پێ کردووە، ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە 40 هەزار و 49 کەس، هەروا ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 76 هەزار و 901 کەس کە زۆرینەی قوربانیان ئافرەتان و منداڵانن.

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە و چەندان جار بە نێوەندگیریی هەر یەک لە ئەمەریکا، فەرەنسا، میسر و قەتەر هەوڵی ئاگربەست دراوە لە نێوان هەردوو لایەنەکەی شەڕ، بەڵام هیچ کام لەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون. هۆی سەرەکی شکستهێنانی ئەو هەوڵانە پەیوستە بە مەرجی ئازادکردنی تەواوی بارمتە ڕفێندراوەکانی لای حەماس و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە.

بەهۆی بەردەوامیی شەڕ، زۆرینەی دانیشتوانی باکووری غەززە بۆ باشووری کەرتەکە ڕەویان کردووە و بە گوێرەی ئامارەکان دانیشتوانی شاری ڕەفەح گەیشتووەتە نزیکەی 2.3 ملیۆن کەس، لە کاتێکدا تەواوی ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندروستی، ئاوی پاک و کارەبا وێران بوون و تەواوی خەڵکی کەرتەکەش ڕووبەڕووی قەیرانی سەختی خۆراک بوونەتەوە.