شاندێكی ژووری بارزرگانی و پیشهسازیی ههولێر لە ئیستانبوڵە
K24 - هەولێر
شاندێكی ژووری بارزرگانی و پیشهسازیی ههولێر بۆ چارەکردنی كێشه و گرفتی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە ئیستانبوڵە. جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئیستانبوڵ دەڵێت، "هەوڵی بهرهوپێشبردنی پهیوهندییه ئابوورییهكانمان دەدەین".
شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئیستەنبوڵی کرد و لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەو ژوورە کۆبووەوە. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە بۆ گەیاندنی ئەو ئاستەنگ و کێشانە بوو کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان کاتێک سەردانی تورکیا دەکەن ڕووبەڕوویان دەبنەوە. هەردوولا گفتوگۆیەکی وردیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان کرد.
محەممەد داودئۆغلۆ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئیستانبوڵ خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەوان پشتیوانی و بایەخی تایبەت بە بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەن و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان.
محەممەد داودئۆغلۆ گوتی، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ هەولێر لە پێشینەی کارەکانیانە. گوتیشی، "ئێمە وەک ژووری بازرگانیی ئیستانبوڵ پاڵپشتی و بایەخی تایبەت دەدەین بە زیادکردنی ئەم بازرگانییە. هەروەها ئێمە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان تەنیا لە ڕووی هەناردەکردن و ژینگەوە هەڵناسەنگێنین. ئێمە دۆستایەتییەکی گەورە و مێژووییمان لەگەڵ یەکتر هەیە و پێویستە زیاتر ئەو دۆستایەتییە بپارێزین و نەهێڵین کەس پەیوەندیمان تێک بدات".
لای خۆیەوە، کامەران محەممەد ساڵح، سەرۆکی شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ڕایگەیاند، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئیستانبوڵ باسی ئەو ئاستەنگ و کێشانەیان کردووە کە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ ڕووبەڕووی بازرگانەکانی هەرێمی کوردستان دەبنەوە و وەکو خۆی گوتی، ناوبراو بەڵێنی چارەکردنی کێشەکانی داوە.
ئەمە یەکەم جارە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئیستانبوڵ دەکات و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئیستانبوڵیش لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی هەولێر دەکات. ئەم سەردانانە، پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەردوولا باشتر دەکەن.