فوئاد مەجید میسری، پەرتووکی "مێژوویەکی تر" بڵاودەکاتەوە

فوئاد مەجید میسری، نووسەری پەرتووکی "مێژوویەکی تر"
فوئاد مەجید میسری، نووسەری پەرتووکی "مێژوویەکی تر"

K24 – سلێمانی:

پەرتووکی مێژوویەکی تر گفتوگۆیەکی کراوەیە لەنێوان نووسەر و ئازاد تۆفیقدا، چەند تەورێک لەخۆ دەگرێت، دیارترینیان مێژووی سلێمانی، نووسەری پەرتووکەش فوئاد مەجید میسرییە.

ئەمڕۆ شەممە (20ـی نیسانی 2024) فوئاد مەجید میسری، نووسەری پەرتووکی "مێژوویەکی تر"، لەبارەی پەرتووکەکەی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەرتووکەکەم ناوەکەی لەگەڵ خۆیەتی باس لە مێژوو دەکات، مێژووی سلێمانی و مێژووی سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دیارترین بابەتی پەرتووکەکەی منە.

ئەو نووسەرە، ئاماژەی بەوەدا، پەرتووکەکە گفتوگۆیەکی کراوەیە لەنێوان نووسەر و ئازاد تۆفیقدا، هەروەها باس لە شۆڕشی 14ـی تەمووز و بزووتنەوەی چەکداریی لە کوردستان دەکات.

فوئاد مەجید میسری، گوتی: تەوەرێکی دیکەی پەرتووکەکە لەسەر ئەدەبیات و کۆمەڵایەتیبوونی ئەدەبیاتە، تەوەرێکی دیکەی لەسەر شانۆی کوردی و ئیسلامیی سیاسییە.

نووسەری پەرتووکی "مێژوویەکی تر"، ئاماژەی بەوەدا، هەموو ئەو شێوە دەسەڵاتانەی کە لە کوردستانی باشوور هاتوونە کایەوە لەنێو پەرتووکەکەی من شوێنی بۆ کراوەتەوە.

فوئاد مەجید میسری، گوتیشی: تەوەرێکی دیکەی پەرتووکەکەم لەسەر وەرگێرانی پەرتووکە، کە لێشاوێکی زۆری وەرگێڕان لە کوردستان هەیە، کە لە راستیدا هیچ حیسابێک بۆ داهێنانی خەڵکی ناکرێت، وەرگێڕانەکان زۆربەی هەرە زۆریی خراپن و نموونەشم لە پەرتووکەکەمدا لەسەری زۆر باس کردووە.