پەیامی سەرۆک بارزانی لە 30ـیەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان

سه‌رۆك بارزانی
سه‌رۆك بارزانی

K24 - هەولێر:

لە 30ـیەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌، له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌، گۆڤاری گوڵان لە میانەی پابەندبوونی بە بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، توانیویەتی بە شێوەیەكی زۆر پیشەییانە خزمەتی رۆژنامەگەریی كوردی و بیری نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستانی بكات.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بەڕێزان/ سەرنووسەر و كارمەندان و ستافی گۆڤاری گوڵان

بەبۆنەی 30ـیەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندان و ستافی گۆڤاری گوڵان و خوێنەرانتان دەكەم.

گۆڤاری گوڵان لە میانەی پابەندبوونی بە بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەكان توانیویەتی بە شێوەیەكی زۆر پیشەییانە خزمەتی رۆژنامەگەریی كوردی و، بیری نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستانی بكات و، هەوڵیداوە سەكۆیەك بێت بۆ بڵاوكردنەوەی كلتووری تەبایی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نێوان تەواو ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان و، هەموو كاتێكیش گوڵان ناوەندێكی ئازاد بووە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونی جیاوازیی دەستەبژێر و پسپۆرانی ناوخۆ و دەرەوە.

بەم بۆنەیەوە جارێكی دیكە سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونتان دەكەم، هیوادارم زیاتر پابەندبن بە پرانسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، و رۆڵێكی زیاتر بگێڕن لە بڵاوكردنەوەی كلتووری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، باشتر دەرگاتان واڵا بكەن بۆ كۆكردنەوەی بیربۆچوونە جیاوازەكان، هیوای سەركەوتن و بەردەوامی زیاترتان بۆ دەخوازین.

مسعود بارزانی

20ی نیسانی 2024