تەقینەوەکەی بنکەی کالسو لە عێراق کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
K24 – هەولێر:
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر بنکەی سەربازیی کالسوو لە باکووری پارێزگای بابل، ئەندامێکی حەشدی شەعبی کوژراوە و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون، کە یەکێک لەوان ئەندامی سوپای عێراقە.
لەمبارەیەوە دەستەی حەشدی شەعبی ئەمهریکای بە بۆردوومانکردنی بنکە سەربازییەکە تۆمەتبارکرد، بەڵام فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە، هیچ جۆرە هێرشێکی ئاسمانیان لە عێراق ئەنجامدابێت.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمهریکیش ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکی بەهێرشکردنە سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبییەوە نییە.
جارێکی دیکە بنکەی گرووپەچەکدارەکانی عێراق کرایە ئامانج و ئەمەریکا بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرا.
شەوی رابردوو بنکەی سەربازی کالسو، کە هەریەکە لە لیواکانی 28 و 17ـی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵی و سوپای عێراقی تێدا جێگیرن، بە چەند موشەکێک کرایە ئامانج، دوای هێرشەکە، دەستەی حهشدی شەعبی ئەمەریکای بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد.
لەدوای رووداوەکەوە میدیاکانی حەشدی شەعبی سەرەتا ئەمەریکایان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام لە هەر درەنگانی شەوی رابردوو، فەرماندەیى ناوەندیی هێزەکانى ئەمریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا گشت ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان شەوی رابردوو هیچ جموجۆڵێکی سەربازی و هێرشێکی ئاسمانییان لەو ناوچانە ئەنجام نەداوە.