ئاری هەرسین: دەبێت مافی پێکهاتەکان ڕەچاو بکرێت

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر مافی پێکهاتەکان ڕەچاو نەکرێت، بابەتی پێکەوە ژیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق هیچ مانایەکی نامێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی ئایاری 2024، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24 ڕایگەیاند، سکاڵاکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی زۆرباشدا بووە، هەموو دامەزراوەیەک هەڵە دەکات جا ئەم دامەزراوەیە جێبەجێکارە یاخود یاساییە، یان هەر شوێنێکی دیکە بێت، ڕەنگە هەندێک شەت بەسەر خەڵکیدا تێپەڕێت، بەڵام ئازایەتی لەوەدایە کە مرۆڤ بەسەر کەموکوڕی خۆیدا بچێتەوە و ڕاستی بکاتەوە. ئەم بڕیارەی ئێمە ئێستە دەیبیستین لەم دادگایە ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکە کە لە ڕابردوودا بەرامبەر بە کورد کردیان.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "ئەگەر مافی پێکهاتەکان ڕەچاو نەکرێت، بابەتی پێکەوە ژیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق هیچ مانایەکی نامێنێت. واتە پێکهاتەکان لە هەموو بابەتێکدا نەمێنێت، ئەوەش ناکرێت، هەر بۆیە پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا لە چوارچێوەی ئەو 100 کورسییەی کە داندراوە بۆ هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی مافی پێکهاتەکان تێیدانییە بە ڕوونی، ئەو کەمووکوڕییانەی کە لە پێشوودا هەبوون ئەمە ڕاستی دەکاتەوە و یەکسانی تێیدا دەبێت".

ئاری هەرسین گوتیشی: "سوپاسی ئەم هەنگاوەی سەرۆکی حکوومەت دەکەین، ئەم هەنگاوە هەنگاوێکە بە ئاڕاستەیەکی باش، با جارێ پەلە نەکەین بڕیاری دیکەشیداوە ئەو دادگایە، ناتوانین بە بنبڕکراوی بڵەین هەر لەبەر خاتری ئەم بڕیارە بڵێت هەڵبژاردن بکرێت و هەڵبژاردنێکی شافاف دەبێت، من دڵنیام ئەکەر پشوومان درێژبێت، لە ڕۆژانی داهاتوو شاهێدی پێاچوونەوەیەک و بڕیارێک دیکەش دەبین".

دوێنێ سێشەممە، 07-05-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانێکی "وەلائی" دەرکرد، بە مەبەستی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (2) لە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارە (7)ی ساڵی 2024، کە تێیدا هاتووە (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە (100) کورسیی پێک دێت کە بەسەر ئەم بازنانەی هەڵبژاردندا دابەش کراون: پارێزگای هەولێر 34 کورسی،  سلێمانی 38 کورسی، دهۆک:25 کورسی و  هەڵەبجە 3 کورسی).

دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کرد، تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەکە بەردەوام دەبێت ئەمەش بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی کە لە داهاتوودا چارەکردنی قورس دەبێت.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ئێستەی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری دا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کە 11 کورسین، هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەبنەوە.