ئۆنروا: لە هەر ده‌ خولەکێکدا منداڵێک له‌ غه‌ززه‌ دەکوژرێت

K24 – هەولێر:

رێکخراوی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین "ئۆنروا" له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس بڵاویكرده‌وه‌، لە هەر ده‌ خولەکێکدا منداڵێک له‌ غه‌ززه‌ دەکوژرێت.

هەروەها "ئۆنروا" راشیگه‌یاند، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی غه‌ززه‌ بەهۆی هێرشی توند و بریندار بوونه‌.

بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، 19 هەزار منداڵ بەهۆی شەڕەوە لە غەززە بێ سەرپەرشتبوونه‌.

زیاتر لە شەش مانگە شەڕ لە نێویان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە و چەندان جار بە نێوەندگیریی هەر یەک لە ئەمەریکا، فەرەنسا، میسر و قەتەر هەوڵی ئاگربەست دراوە لە نێوان هەردوو لایەنەکەی شەڕ، بەڵام هیچ کام لەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون. هۆی سەرەکی شکستهێنانی ئەو هەوڵانە پەیوستە بە مەرجی ئازادکردنی تەواوی بارمتە ڕفێندراوەکانی لای حەماس و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە.

بەهۆی بەردەوامیی شەڕ، زۆرینەی دانیشتوانی باکووری غەززە بۆ باشووری کەرتەکە ڕەویان کردووە و بە گوێرەی ئامارەکان دانیشتوانی شاری ڕەفەح گەیشتووەتە نزیکەی 2.3 ملیۆن کەس، لە کاتێکدا تەواوی ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی وەک تەندروستی، ئاوی پاک و کارەبا وێران بوون و تەواوی خەڵکی کەرتەکەش ڕووبەڕووی قەیرانی سەختی خۆراک بوونەتەوە.