ئامارەکانی کلاسیکۆ بۆ بارسێلۆنا دڵخۆشکەرن

کلاسیکۆ
کلاسیکۆ

ئەمشەو کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەولێر، هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریی کلاسیکۆی گەڕانەوەی لالیگا و لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

هەموو پێشبینیەکان بۆ ئەوە دەچن لەم یارییە ریاڵ مەدرید بتوانێت لە یاریگای خۆی، واتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بردنەوە بەدست بێنێت و ببێتە خاوەنی سێ خاڵی یارییەکە، بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە ئەنجامەکانی رابردوو، دەردەکەوێت بارسێلۆنا چانسێکی باشی هەیە بۆ بردنەوە.

یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە دوایین 10 یاریی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامەکانی باشن و خاوەنی 6 بردنەوەیە و لە 4 یاریی دۆڕاوە، بەڵام یەکێک لە دۆڕانەکانی بلاوگرانا لە یاریگای دی ئیستیفانۆ بووە، ئەو کاتەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا یارییەکە لەو یاریگایە بەڕێوەچوو.

لەلایەکی دیکەوە ریاڵ مەدرید لە دوایین سێ یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا لە یاریگای خۆی و لە دەرەوەی یاریگای خۆی نەدۆڕاوە، لەم سێ یارییە یانە شاهانەکە براوە بووە و دوایین بردنەوەی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیاش مانگی ئاداری ساڵی رابردوو بوو.