میسال ئالووسی: سیاسەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، ئەنقەرە و تاران سەرکەوتوو بووە

میسال ئالووسی، سیاسه‌تمه‌داری عێراقی
میسال ئالووسی، سیاسه‌تمه‌داری عێراقی

K24 – هەولێر:

سیاسەتمەدارێکی عێراقی ڕایگەیاند: بەغدا، تاران و ئەنقەرە لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی کوردستانی دەرترسێن و درکیان بەوەشکردووە، میکانیزمەکانی فشارخستنەسەر کوردستان شکستی هێناوە، هۆکاری ئەوەشی بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەڕاندووەتەوە بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە و بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەوروپی و ئەمەریکی.

ڕۆژی یەکشەممە (21ـی نیسانی 2024) میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە: "کڕۆکی چیرۆکەکە ئەوەیە کە بەغدا، تاران و ئەنقەرە لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی کوردستان، ئیرادەی ئازادبوون و بنیاتنان دەترسن و هەوڵدەدەن کاروانی بەرەوپێشچوونی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بۆ چڕکردنەوە و فراوانکردنی بناغەی ئابووری و دارایی لە کوردستان ڕابگرن".

ئالووسی باسی لەوەشکردووە: بەغدا و ئەنقەرە درکیان بەوە کردووە، کە میکانیزمەکانی فشارخستنەسەر کوردستان شکستی هێناوە و بە فشارەکانی ئێرانیشەوە کە بە دادگای فیدراڵی ناودەبرێت، کە تاران ویستی لەو ڕێگەیەوە فشار بۆ سەر هەولێر دروست بکات، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنی سیاسەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سێ لایەنە هەرێمییە و سەرکەوتنی لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەوروپی و ئەمەریکی، کاریگەری لەسەر سرووشتی سەردانەکەی ئەردۆغانیش بۆ هەولێر دروستکرد و دەرگاکانی هەولێری بە ڕووی ئەردۆغان کردەوە وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان و دەروازی عێراق کە تورکیا ناتوانێت فەرامۆشی بکات.

ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە جەختی کردووەتەوە، گرنگی بووژانەوەی پیشەسازی نەوت و هەناردەکردنی نەوت لە کوردستان و ئەو بوارە خۆی وەک بەسەر عێراق و تورکیا و وەک پێویستییەکی هەنووکەیی ئەوروپاش بۆ وزە خۆی سەپاندووە، بۆیە دووبارە بە بازاڕکردنەوەی نەوتی کوردی ناکرێت فەرامۆش بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وابڕیارە سبەی دووشەممە (21ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێر دەکات و بڕیاریشە چەندین ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات، لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، بازرگانی و بوارەکانی دیکە واژۆ بکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (21ـی نیسانی 2024) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە سەردانەکەدا ئامانجمانە پەیوەندییەکانمان ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەییی و گەشەپێدان، هەروەها گوتی: لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبینەوە و دووپاتی پاڵپشتییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەینەوە.

پێشتریش لە ڕۆژی (19ـی نیسانی 2024) دوای تەواوبوونی لە نوێژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگەیاند، دوای سەردانەکەی 22ـی ئەم مانگەی بۆ بەغدا، سەردانی هەولێر دەکات و باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت.